یەکێک لەو هونەرمەندانەى خۆڕسک و خۆوێژ لەناو بوارى گۆرانى فۆلکلۆر و میللیى نەتەوەکەماندا، ماوەى نیوسەدە بەدەنگە خۆشەکەى ئەسپى خۆى تاو داوە و دەیان ئاهەنگ و شەوئاهەنگ و کۆڕ و کۆبوونەوەى یارانى بەهاوکارى موزیکژەنانى هاوڕێی ئەنجامداوە، هونەرمەندێکە ساڵانێک کارکردنى لەوبوارەدا تەنها ناو و نازناو و هونەرەکەى بۆتە سامانێکى بەنرخ بۆى، بەداخەوە هونەرەکەى نەبۆتە هۆى خۆشبەختى و خۆشگوزەرانى ئەویش هونەرمەندى میللیى( کەریم خەمزەیی) یە .
هونەرمەند کەریم خەمزەیی ...!
( کەریم حەکیم عەزیز ئەحمەد) ناسراو بە ( کەریم خەمزەیی) لەساڵى (1945) لەیەکێک لەگەڕەکە دێرینەکانى شارى سلێمانى بەناوى ( کانیسکان) چاوى بەدنیا هەڵهێناوە .
بۆ نازناوى ( خەمزەیی) ؟
باوک و باپیرانى لەبنەڕەتدا خەڵکى گوندى( خەمزە) ن ، ئەو گوندەش یەکێکە لەگوندەکانى ناوچەى ( شارباژێڕ) و دەکەوێتە دووری (16) کیلۆمەتر لەلای باکوورى ڕۆژئاواى شاری سلێمانى لە دامێنی چیای ئەزمەڕ و یەکێکە لە گوندە دێرینەکانى کوردستان، باب و باپیرانى لەسەرەتاى سەدەى پێشووە و هاتوونەتە شارى سلێمانى و تێیدا نیشتەجێ بوون، هونەرمەند لەدرێژەى پێدانى هونەرەکەیی و خۆشەویستى بۆ زێدى باب و باپیرانى ناوى خەمزەى کردۆتە پاشخانى ناوەکەى و لەنێو دنیاى هونەر و موزیک و گۆرانیدا بە (کەریم خەمزەیی) ناسراوە.
کەریم خەمزەیی دووبراى دیکەى هەیە بەناوەکانى ( عەلى ، بەڕەحمەت بێت لەژیاندا نەماوە) و ( عەزیز) .
عەزیزى براى ئەویش بە ( عەزیز خەمزەیی) ناسراوە و ماوەى چەندین ساڵ لەتەک کاک کەریمى براى لەبوارى هونەردا کارى کردووە و ژەنیارێکى بەتواناى ئامێرى ( ئیقاع) ە.
بەداخەوە کەریم خەمزەیی بەهۆى سەختى ژیان و نەدارى یەوە هەلى بۆ نەڕەخساوەو نەخراوەتە بەرخوێندن، لەتەمەنى منداڵییەوە خراوەتە بەرکارکردن بۆ دابین کردنى بژێوى ژیان،
بەهۆى ئەو ژینگەیەوە تێیدا ژیاوە لەناو بازاڕو پیشەى ( جگەرچى و عەرەبانچێتى)، کەریم خەمزەیی لەتەمەنى منداڵییەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەرى دەنگى گەورە هونەرمەندان وەک ( سەید عەلى ئەسغەرى کوردستانى1882_4/2/1937 ) ،( عەلى مەردان 1904_24/7/1981) ،( حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972) و ( ئەحمەد شەماڵ1922_3/4/1997) . سۆزى دەنگ و ئاوازى خۆشیی گۆرانى ئەو هونەرمەندانە بوونەتە هەوێنى چرۆکردن و بزواندنى هەستى هونەریی لە ناخ وجەستەى کەریم خەمزەیی، لەو تەمەنە منداڵییەدا تواناى خوێندنى گۆرانى و بەهرەى دەنگخۆشیی تێدا دەرکەوتووە و بۆ هاوڕێ و دۆست و یارانی گۆرانى خوێندووە و بەکەسێکى دەنگخۆش و گۆرانبیبێژ ناسراوە.
ساڵى (1963) کەریم خەمزەیی کە تەمەنى گەیشتۆتە (18) بەهار، وەرچەرخاندێکى باش دەبێت بۆى ، لەگەڵ کۆمەڵێک لەهاوڕێ و دۆستەکانى چوونەتە یەکێک لەسەیرانگاکانى ئەوسەردەمى شارى سلێمانى،( کارێزى وەستا شەریف و گردى مامەیارە) ئەو گۆرانیانەى لەو سەیرانە دەیخوێنێ لەلایەن (شێخ عوسمانى تۆمارگا) لەسەر ( تێپ _ بەکرە) تۆمار دەکرێت و پاشان لەڕێی تۆمارگاکانەوە بڵاودەکرێـتەوە، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکى زۆرى لێدەکرێـت و دەنگدانەوەیەکى زۆرى لەنێو جەماوەردا دەبێت ، ئەو پێشوازییە دەبێتـە هاندەرێک کەبەردەوام بێت لەسەر هونەرى گۆرانیگوتن.
لەساڵى (1967) لەگەڵ ئەو ژەنیارانە( عەزیز عوسمان ، عەزیز حەکیم و مام سەمەد ( ئەم مام سەمەدە باڵەبانژەن بوو خەڵکى شارى هەولێر بووە) تیپێکى میللیى دروست دەکەن ، لەهەمان ساڵدا (1967) کەریم خەمزەیی لەگەڵ هونەرمەندانى ژەنیارى هاوڕێی کاسێتێک بەهاوکارى تۆمارگاى عوسمان (11) گۆرانى فۆلکلۆرى نەتەوەکەمان تۆماردەکات(1).
لهساڵی (1976) هونهرمهند كهریم خهمزهیی تیپێكی میللیى بەهاوکارى چەند ژەنیارێک دادەمەزرێنێت و ناوى دەنێن ( تیپی هونهری میللیی) .
هونەرمەند كهریم خهمزهیی باس لهو تیپه مۆسیقیهو هونهرمهنده هاوڕێكانی دەکات کە هاوکارى بوون ( لهساڵی 1976 تیپی هونهری میللیی یم لهشاری سلێمانی دامهزراند،خۆم وهك گۆرانیبێژ ، كاك عهزیز خهمزهیی( عهزیز حهكیم عهزیز) ی برام _ژهنیاری زهڕب ، كاك ( ڕهحیم ڕهسوڵ) ناسراو به ڕهحیمی نهی _ ئامێری باڵهبان ، كاك( بهختیار محهمهد عیسی ، بەختیارى حەمەئاغا ) ناسراو بهختیاری قهساب، ئامێری زهڕب و دهفسنجان ، بهڕهحمهت بێت كاك (حهكیمی ساز) ماوهیهك ئەویش لهگهڵماندا بوو ، كاك جەلال عەلى قادر بهئامێری دهف و دهفسنجان) ههمووئەو برا هونهرمهنده بهڕێزانه زۆر هاوكارم بوون و كۆمهڵێك كاری جوانمان پێشكهش كرد) (2).
کەریم خەمزەیی لەگەڵ( تیپی هونهری میللیی) بەردەوام دەبێـت لە بەشداریکردنى ئاهەنگ و شەو ئاهەنگ، لەوماوەیەدا زیاتر لە (10) کاسێت تۆمار و بڵاودەکاتەوە، ئەو ئاهەنگانە هیچیان لەستۆدیۆ تۆمارنەکراون بەڵکو هەموو بێ پرۆڤەکردنى پێشوەختە و هەمووى لەماڵان و دەشت و دەر تۆمارکراون.
هونەرمەند کەریم خەمزەیی و ( تیپی میللیی زانكۆی سلێمانی)..!
لهههمان ساڵدا واته (1976) بهههوڵ و تێكۆشان و دڵسۆزیی و خهمخۆریی بۆ هونهری مۆسیقا و گۆرانی، هونهرمهند و مامۆستای پایهبهرز ( ئهنوهرقهرهداخی) تیپێكی میللیی لهزانكۆی سلێمانی، سهربهمهڵبهندی ڕۆشنبیری زانكۆ دادهمهزرێنێت و ناوی دهنێت ( تیپی میللیی زانكۆی سلێمانی) هونهرمهندانی تیپی میللیی زانكۆ بریتی بوون له هونهرمهندان ( ئهنوهرقهرهداخی ئامێری ساز ، ئهسعهد قهرهداخی ئامێری سهنتوور ، ڕهحیمی نهی ئامێری باڵهبان، عهزیز خهمزهیی ئامێری زهڕب ، گۆرانیبێژی تیپی میللیی زانكۆی سلێمانی هونهرمهند كهریم خهمزهیی بووه ، ) (3) .
لەساڵى (1977) هونەرمەند کەریم خەمزەیی چەند بەرهەمێک بۆ تەلەفزیۆنى کەرکوک تۆمار دەکات،
هونەرمەند و مامۆستا ئەنوەر قەرەداخى چۆنیەتى تۆمارکردنى ئەو بەرهەمانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، یەکێک لەو گۆرانیانە ، گۆرانى ( ئاوەدان مەهاباد) بووە (
ساڵى (1977) لە ( چەق چەق) ئەو بەرهەمەمان ( ئاوەدان مەهاباد و بانەت بۆگەڕام ) تۆمارکردکە بۆ هونەرمەند کەریم خەمزەیی یم ئامادەکردبوو، ئەو بەرهەمانە لەماڵى خۆمان دەنگەکەیمان تۆمارکرد، دواتر لەگەڵ خوێندکارانى ئامادەیی سلێمانى کچان ، کە هونەرمەندى گەورە خوشکى ئازیزم ( بەدیعە دارتاش) ڕۆڵێکى بەرچاوى هەبوو لەبەشداریکردنى ئەو خانمانە لەکلیپ کردنى بەرهەمەکەدا بەهەڵپەڕین ، کەبەکامێراى (16) ملم ڕاستەوخۆ تۆمارکرا دەنگەکەیشى بەمایک لە ڕیکۆردەرەکەوە وەرگیراوە لەهەمان جێگە ) (4).
هونەرمەند کەریم خەمزەیی وەک هونەرمەندێکى میللیى دەنگخۆش بەشدارى دەکات لە زۆربەى ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانییەکانى وەک جەژنى نەورۆز، یازدەى ئازار و ڕۆژى جەژنى کرێکاران و فیستڤاڵى هونەرى لە شارى سلێمانى ، هەولێر ،بەغدا و بەسرە.
تیپى میللیى زانکۆى سلێمانى بەسەرپەرشتى مامۆستا و هونەرمەند ( ئەنوەر قەرەداخى) لەساڵى (1977) بەشدارى ئاهەنگێک لەزانکۆى ( بەسرە) دەکەن ، گۆرانیبێژانى ئەو چالاکییە هونەرییە هونەرمەندان ( کەریم خەمزەیی) و ( عوسمان عەلى 1944_21/6/2005) و ( عەبدولقادر حەسەن) هەرسێ هونەرمەند چەند گۆرانییەک پێشکەش بەئامادەبووان دەکەن.
هەروەهالهساڵی (1979) هونهرمهند کەریم خەمزەیی لهگهڵ تیپی هونهری میللیی سهربهتیپی مۆسیقای سلێمانی بهسهرپهرشتی مامۆستاو هونهرمهند
( ئهنوهرقهرهداخی) بهشداری دهكات لهئاههنگی تیپی ناوبراو لههۆڵی( خولد) ی شاری بهغدا،
هونهرمهندان ( ئهنوهرقهرهداخی ئامێرى ساز ) ، (ئهسعهد قهرهداخی _ سەنتوور) ، (ڕهحیمی نهی_ باڵەبان) ،( عهزیز خهمزهیی _ زەڕب) و ( جەلال عەلى قادر _ دەف) بهبهشداری هونەرمەندانى گۆرانیبێژ ( کەریم کابان ، حەسەن گەرمیانى ، عەبدولقادر حەسەن ، عەدنان کەریم و چیمەن حەسەن) ، ئهوئاههنگه لهوكاتهدا دهنگ و سهدایهكی زۆری ههبوولهناو جهماوهردا و بهرههمهكانی ئهو ئاههنگه تائێستا بهبهرزی و پیرۆزی لهیادهوهریی بینهران و گوێگراندا ماوهتهوه.
لەهەمان ساڵدا دەچێتە تەلەفزیۆنى کەرکوک ، سێ گۆرانى بەناوەکانى ( هەى زێڕینێ ، ئەى یار و ئازیز بەهارە) تۆماردەکات ،
لەساڵى (1980) وەک گۆرانیبێژ بەشدارى لە چیرۆکى تەمسیلى ( نامەى خنکاو) دا بەدوو گۆرانى ( ئاى لەیلا عەمرم و زاوا بەرەوپیرى هات) لەتەلەفزیۆنى کەرکوک کردووە( 5) .
لەساڵى (1982) هونهرمهند لهگهڵ تیپی هونهری میللیی سهربهتیپی مۆسیقای سلێمانی بهسهرپهرشتی مامۆستاو هونهرمهند( ئەنوەر قەرەداخى) گۆرانى ( مەستم مەستم و بایدەدا بایدەدا) لەتەلەفزیۆنى کەرکوک تۆماردەکات.
بەپێى وتەى هونەرمەند کەریم خەمزەیی لەدیدارێکیدا ئاماژە بە تۆمارکردنى (24) گۆرانى دەدات بۆ تەلەفزیۆنى ( کەرکوک و بەغدا) (6).
هونەرمەند کەریم خەمزەیی و هونەرمەندانى گۆرانیبێژ ..!
دواى ئەوەى دەنگ و هونەرەکەى لەڕێگەى ( تێپ _ بەکرە) و ( کاسێت) بە ( باشوور و ڕۆژهەڵات) ى کوردستاندا بڵاودەبێتەوە ، ئەو دەنگە دڵنشینە شادى بەخشە لەنێو جەماوەردا جێدەگرێت و پێی ئاشنا دەبن ، کەریم خەمزەیی لەڕێگەى کۆڕى بادەنۆشین و داوەت و زەماوەند و کۆڕى شەوئاهەنگەوە لەگەڵ هونەرمەندانى هاوڕێی و هونەرمەندانى شارو شارۆچکەکانى کوردستان لەساڵى (1978) وە بەشێوەى گۆرانیگوتن بەدووقۆڵى گۆرانیان لەگەڵدا دەخوێنێ ، لەگەڵ ئەم هونەرمەندانەدا بەشێوەى دوو قۆڵى گۆرانى تۆمارکردووە وەک ( ئەحمەد شەماڵ، پێنج کاسێتى لەگەڵدا تۆمارکردووە)، جەلال سەعید، سابیر کوردستانى، عوسمان عەلى، دارا محەمەد عوسمان( هەورامى)، سەلاح داودە ، شکور خەیات، نورى باریکەیی، میدیا حسێن ، سالەى سمایل، ئاواتى ئامە قەرەج ، شەهید عەبەى مەلا ، مەحمود محەمەد، وەلى عەبەى سەیزادە، کەریم شایەر ، فایەق داودە،عەینەدین ،کەریم بنگردى و ....تاد) .
لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا ، ئەو ئاهەنگ و دانیشتن و شەو ئاهەنگانە هیچیان لەستۆدیۆدا تۆمارنەکراون ، بەڵکۆ ڕاستەوخۆ بەبێ خۆئامادەکردن، هەمووئەو کاسێت و ئاهەنگانە لەماڵان و سەیرانگاکان بەئامێرى تۆمارکردنى جۆرى( گرۆندیک و ئاکاى) تۆمارکراون، (کاوەى محەمەدى حاجى سەعید) پێی ڕاگەیاندم ، تۆمارگاى ( خیام) خاوەنى (98) کاسێتى هونەرمەند کەریم خەمزەیی یە خەرمان بەرەکەت ، هەروەها دەبێت ئاماژە بەو کەسایەتیانەش بدەم کە زەحمەتیان کێشاوە و دەنگ و مۆسیقا و گۆرانییەکانى کەریم خەمزەیی یان تۆمارکردووە و ئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیفێکى بەنرخى بوارى هونەرى میللیى ، ئەم بەڕێزانە دەنگ هەڵگرى ئەو بەرهەمانە بوون ( محەمەدى حاجى سەعید، کەمالى حاجى سەعید، عوسمانى غەوسە، قادر ڕەشید، غەریبى تەنەکەچى، نورى سەیدباقى و مەجیدى سەروپێ ) .
لەدواى ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان لەبەهارى ساڵى (1991) ، هونەرمەند کەریم خەمزەیی ، بەدەنگ و هونەرە شادى بەخشەکەیەوە بەشدارى هەموو بۆنە و یاد و بەرنامە هونەرییەکانى لەهەموو کەناڵە ئاسمانى و لۆکاڵییەکانى باشوورى کوردستان کردووە و چەندین گۆرانى پێشکەش کردووە.
هونەرمەند کەریم خەمزەیی لەساڵى ( 1976) پرۆسەى هاوسەرگیرى ئەنجامداوە و پەروەردگار (5) کوڕى پێبەخشییەوە بەناوەکانى ( کوردۆ ، سەیوان ، محەمەد ، ئیرەج و زیرەک) .
لەهونەرمەند کەریم خەمزەیم پرسی : هیچ یەکێک لە کوڕەکان ڕێچکەى هونەرییان گرتۆتە بەر ؟
لەوەڵامدا پێی ڕاگەیاندم : بەڵێ دووان لەکوڕەکانم سەرقاڵى کارى هونەرین ، کاکە سەیوان وەک گۆرانیبێژ گۆرانى دەخوێنێ و دەنگیى خۆشەو کاکە محەمەد ژەنیارى ئامێرى ئۆرگە، بەڵام سەردەمى ئەوان لەگەڵ ئەو سەردەمەى من کە کارى هونەریمان ئەنجام دەدا جیاوازى زۆرە و هیوادارم بەردەوام بن و سەرکەوتووبن .
پرسیار : بەڕێزتان وەک هونەرمەندێکى دەنگخۆشیی بوارى میللیى ، پێگە و ناوبانگێکى زۆرتان هەیە ، ئایا لەبوارى هەستى نەتەوایەتى یەوە لەناو شۆڕشى کوردا هیچ پێگەیەکتان هەبووە؟
کەریم خەمزەیی : بێگومان من هەڵقوڵاوى ناو ئەو خەڵکەم وزادەى ئەو ئاو و خاکە پیرۆزەى کوردستانم ، هەمیشە ئاوات دەخوازم کە ڕزگارى و سەربەخۆیی وڵاتەکەم ببینم و میللەتەکەم لەلوتکەى ئازادى دا بژى وەک گەلانى دنیا، بەڵێ من بەکردار بەرگى پیرۆزى پێشمەرگایەتیم لەبەرکردووە و چەکم هەڵگرتووە لەپێناو وڵاتەکەم ، بەڵێ لەساڵى (1965) لەهێزى خەبات بووم بەپێشمەرگە تا بەیانى (11) ى ئازار ، کاتێکیش لەبەهارى ساڵى (1974) شۆڕشى ئەیلول دەستى پێکردەوە جارێکى دیکە چەکم کردەوە شان و بوومەوە بەپێشمەرگە لەهێزى خەبات، وەک هەموو پێشمەرگەکانى کوردستان درێژەم بەخەبات دا تا بەداخەوە نسکۆى بەهارى (1975) ،لەساڵى (1981 تا کۆتایی 1982) لەشۆڕشى نوێدا بوومەوە بەپێشمەرگەو لەو ماوەیەدا لەسەرکردایەتى بووم، لەدواى ئەوەشەوە لەپاڵ کارى هونەریی و دابین کردنى بژێوى ژیان هەمیشە وەک هونەرمەندێک لەبەرەى گەلە چەوساوەکەمدا بووم و خۆم نەدۆڕاند و شانازیی بەڕابردووەکەمەوە دەکەم .
پرسیار : بەهۆى سەختى ژیان و خراپى بارى ئابووریی و ئابڵوقەى ئابوورى لەسەر هاوڵاتیان لەساڵى (1994) بەڕێزتان ڕوودەکەنە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ، ئایا ماوەى چەند لەڕۆژهەڵات مانەوە و لەکام شارى ڕۆژهەڵات لەگەڵ خانەوادەکەت نیشتەجێ بوون؟ لەو ماوەیەدا هیچ کۆڕو کۆبوونەیەک و ئاهەنگتان لەگەڵ هونەرمەندانى ڕۆژهەڵات ئەنجام نەداوە؟
کەریم خەمزەیی : زۆر ڕاستە بارودۆخى ئابوورى زۆر سەخت بوو ، نەک تەنها بۆمن بەڵکو بۆ زۆرینەى خەڵک دۆخێکى ناهەموار هاتە پێش منیش ناچار بووم چوومە ڕۆژهەڵات لەساڵى (1994 ) سەرەتا چووینە شارى مەریوان و دواتر لەشارى (سەقز) نیشتەجێ بووین تا ساڵى (1998) ، لەوماوەیەدا چەندین جار لەگەڵ هونەرمەندانى شارى سەقز و دەوروبەرى پێکەوە دانیشتووین و گۆرانیمان خوێندووە.
پرسیار : ئەو هونەرمەندانە کێ بوون لەڕۆژهەڵات گۆرانیت لەگەڵیاندا خوێندووە؟
کەریم خەمزەیی : زۆر لەو هونەرمەندانەى ڕۆژهەڵات کارى هونەریم لەگەڵیاندا ئەنجام داوە ، ئەوەى بێتەوە یادم هونەرمەندانى بەڕێز ( سەیدمحەمەدى سەفایی و سەیدبرایمى سەقزى) ، لێرە دەیڵێم لەدڵەوە سوپاسى ئەو خەڵکە ئازیزەى ڕۆژهەڵات بەگشتى و شارى مەریوان و شارى سەقز دەکەم بۆ پشتیوانى و هاوکارییان بەڕاستى میوان دۆستن و هیچ کات هەستمان نەدەکرد میوانین .
لەساڵى (1998) هونەرمەند کەریم خەمزەیی و خانەوادەکەى دەگەڕێنەوە باشوورى کوردستان ، لەگوندى ( سیتەک) نیشتەجێ دەبن، بەڵام بەداخەوە بەهۆى هەڵکشانى تەمەن و دووچارى نەخۆشیی (چاو) بووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دنیا جوانەکەى هونەرى گۆرانى و موزیک دوورکەوتۆتەوە و ئێستا بۆ بەسەربردنى ڕۆژ و دابینکردنى بژێوى خۆیی و خانەوادەکەى، ئەگەر بارى تەندروستى بوارى بدات لەدوکانێکى بچووکدا سەرقاڵى کارى ( تەزبیح و موستیلە) فرۆشتنە،
کەریم خەمزەیی هونەرمەند، کەسێکى نەرم و نیان و میهرەبان و خاوەن لوتف و زمانشیرین، نەفس بەرز و بێ فیزو دڵئاوەڵا وخۆش مەشرەب و کەسێکى قسە خۆشى نێو کۆڕو کۆبوونەوەى یاران،
لەکۆتاییدا پێی ڕاگەیاندم : لەدەستپێکى کارى هونەریمەوە لەگەڵ ئەو ژەنیارە خۆشەویستانەى لەگەڵمدابوون و هەروەها ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەى پێکەوە گۆرانیمان خوێندووە و تۆمارکراوە کەئێستا وەک ئەرشیف لەتۆمارگاکان هەیە ، تەنها خۆشەویستى هونەر و ئەو هەستە جوانەى هەمان بووە بۆ هونەر و خواى گەورە ئەو بەهرە جوانەى پێبەخشیون و گۆرانیمان پێ خوێندووە لە ماڵان و لەدەشت و دەر تەنها و تەنها بۆ حورمەت و ڕێزى ئەو کەسایەتى و بەڕێزانە بووە کە میواندارییان کردووین و زەحمەتیان کێشاوە ، دەنا هونەرمان لەپێناو پارەدا نەکردووە ، منەتیش بەسەر کەسدا ناکەم ئەوەى کردوومە تائەمڕۆ وەک ئەرکێک ئەنجامم داوە ، گرنگ ئەوەیە دواى خۆم ناوێکم لەگۆشەیەکى گەنجینە بەنرخەکەى هونەردا نەخشاندبێت، بەپێویستى دەزانم وەک ئەرک و وەفایەک بەرامبەر ماندوبوون و بەرزى هونەرەکەیان ماوەى ساڵانێک بەئامێرەکانیان لە ئاهەنگەکان هاوکارم بوون نابێت ڕۆڵى ئەو هونەرمەندە نەمرانە فەرامۆش بکەم وەک ( ئەحمەد داودە ژەنیارى باڵەبان ، مام حەسەنى نەى ژەنیارى باڵەبان و عەزۆلە ژەنیارى زەڕب) یادیان بەخێر و ڕۆحیان شادبێت.
تەمەندارى و ژیانێکى ئارام و پڕ تەندروست بۆ هونەرمەندى میللیى کەریم خەمزەیی دەخوازم و ئومێدەوارم لایەنى پەیوەندیدار لەخەمى ژیانى ئەو هونەرمەندەدابن کەڕۆژانێک بەدەنگە خۆشەکەى خزمەتێکى گەورەى لەپێناو مانەوە و بەرزڕاگرتنى هونەرى میللیى نەتەوەکەمان کردووە .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 5/12/2025 سلێمانى .
سەرچاوە :
(1 و 5 و 6 )کەریم خەمزەیی ، کتێبى ژیان و هونەر ، کۆکردنەوەو ئامادەکردن و ساغکردنەوەى ( تاهیر کرمانج) چاپى یەکەم (2017) لاپەڕە (276).
(2) پهیوهندی تهلهفۆنی نووسەر لهگهڵ هونهرمهند (كهریم خهمزهیی ، ڕۆژی سێ شهممه (4/10/2022) ههولێر _ سیتهك).
(3 و 4 ) وهرگرتنی زانیاری له واڵی مامۆستاو هونهرمهند (ئهنوهر قهرهداخی) لهتۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك، لهڕێكهوتی( 13/3/2021 ).
سوپاس و پێزانینم بۆ بەڕێز کاک (کاوەى محەمەدى حاجى سەعید) تۆمارگاى (خیام) لەرێکەوتى (29/11/2025) لەتۆمارگاى خیام زانیارى دەربارەى کۆى بەرهەمەکانى هونەرمەند کەریم خەمزەیی پێ بەخشیم .
سوپاسگوزاریم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى هونەرمەند کەریم خەمزەیی لەڕێکەوتى 1/12/2025) لەدوکانە بچکۆلانەکەى و هەروەها پێدانى ئەو زانیارییانە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.