وەزارەتی تەندروستی عێراق رەتی كردەوە هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی نوێ و مەترسیدار لە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە پارێزگاكانی عێراق بڵاوبووبێتەوە.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو دەنگۆیانەی كە بڵاوبوونەتەوە كە گوایە ڤایرۆسی نوێ و مەترسیداری ئەنفلۆنزا لە قوتابخانەكانی عێراق بڵاوبووەتەوە، دوورە لە راستییەوە.
گوتیشی: راستە لەم ماوەیەدا حاڵەتەكانی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە عێراق زیادیان كردووە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانی كەشوهەوا و نزیكبوونەیە لە وەرزی زستانەوە هەیە، بەهیچ شێوەیەكیش داتا و ئامارەكان جێگەی مەترسی نین.
سەیف بەدر ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستا لە عێراق هیچ جۆرە تووشبوونێكی پەتای نوێ یاخود مەترسیدار تۆمار نەكراوە. جەختیشی كردەوە كە ئەگەر هەبێت زۆر بەڕوونی بە هاووڵاتییانی ڕادەگەیەنین.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە كۆتاییدا گوتی: ماوەیەكە حاڵەتەكانی تووشبوونی ئەنفلۆنزای وەرزی لە پارێزگاكانی عێراق زیادیان كردووە، ئەمە نەخۆشییەكی كاتی و وەرزییە، هەموو ساڵێك لە وەرزی پایز و پێش چوونە نێو وەرزی زستان، ئەم حاڵەتانە روو دەدەن بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.