ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسل پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد بۆ سەپاندنی سزای دارایی بەسەر مۆسکۆ، لە کاتێکدا پێدەچێت هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە گەیشتبێتە بنبەست.
زێلینسکی لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەمە پەیامێکی بەهێز و پێویست بوو تا دەستدرێژییەكانی رووسیا بۆ سهر ئۆكراینا سنووردار بكرێت."
زێلینسكی لە کاتی گەیشتن بە لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا، دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی سزا داراییهكانی ئەمریکا کە پیشەسازیی نەوت و غازی رووسیای كردووهته ئامانج، رایگهیاند،: "زۆر پێویست و له كاتی خۆی بوو."
لای خۆیەوە کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، زۆر دڵخۆشین بەو ئاماژانەی کە لە ئەمریکاوە پێمان دەگات سهبارهت به سنوورداركردنی توانا داراییهكانی رووسیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆدەنگیمان لەسەر ئەم بابەتە ئاماژەیەکی گرنگە."
دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی لە ڤلادیمێر پووتین، هاوتا رووسییەکەی دەربڕی و سەپاندنی سزای بەرفراوانی بەسەر کەرتی نەوت و غازی رووسیا راگەیاند.
ترەمپ کە ماوەی چەند مانگێک بوو رەتیدەکردەوە بڕیار لەسەر سزاکان بدات، دوای ئەوەی کۆبوونەوەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی نێوانیان لە بوداپێست بۆ ماوەیەکی نادیار دواخرا، رایگهیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا "بێسوودە".
ترهمپ گوتیشی: هەر جارێک لەگەڵ ڤلادیمێر قسە دەکەم گفتوگۆی باشم هەیە، بەڵام بێ ئەنجام دەمێننەوە، لە کۆتاییدا هیچ پێشکەوتنێکی لێناكهوێتهوه.
به گوێیرهی زانیارییهكان، سزاکانی ئهمریكا بهسهر رووسیا بریتین لە بەستنی سەروەت و سامانی کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکانی وهكو "رۆسنەفت و لوکۆیل" لە ئەمریکا و قەدەغەکردنی هەموو کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، بهمهش ئامانجی ئهمریكا ئهوهیه نەوت و غازی رووسیا لە بازاڕی جیهانیی سنووردار بکات.
لای خۆیهوه، رووسیا سزاکانی ئەمریکای شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاشەکشەی گهورهیان دەبێت له رێڕهوه دیپلۆماسییهكاندا به تایبهت له پرسی ئاشتی ئۆكراینا و وهستانی جهنگ.
ههروهها رووسیا به ئاشكرا ئهوهشی خستهڕوو، دەرئەنجامی ئهم سزایانه کارەساتبار دەبێت بۆ سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا و نەرێنی دەبێت بۆ سەقامگیریی ئابووری جیهانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.