توێژەرانی ئوسترالی لە توێژینەوەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تشرینی یهكهم، لە گۆڤاری Nature Communications بڵاوکراونەتەوە ئاشکرایانکردووە، ئافرەتان لە رووی بۆماوەییەوە زیاتر لە پیاوان ئامادەن بۆ تووشبوون بە خەمۆکی.
لەم توێژینەوەیەدا کە لەلایەن لیژنهیهكی پسپۆڕهوه پێداچوونەوەی بۆ کراوە کە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکان کە تا ئێستا لەم بوارەدا ئەنجامدراوە، زانایان شیکارییان بۆ DNAی نزیکەی 200 هەزار کەسی تووشبوو بە خەمۆکیی کردووە بۆ دەستنیشانکردنی "نیشاندەرەکانی" بۆماوەیی باو.
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی کە پەیمانگای "بێرگۆفەر" بۆ توێژینەوەی پزیشکی لە ئوسترالیا ئهنجامی داوه، دهركهوتووه ئافرهتان نزیکەی دوو ئەوەندەی ژمارەی نیشانە بۆماوەییەکانی خەمۆکییان هەبووە بە بەراورد بە پیاوان.
لای خۆیهوه، جودی تۆماس، توێژەر لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووهتهوه، "دیاریکردنی هۆکارە بۆماوەییە باو و تایبەتەکان لە ژن و پیاودا رێگەمان پێدەدات باشتر لە هۆکارەکانی خەمۆکیی تێبگەین و رێگە خۆشدەکات بۆ چارەسەری کەسی زیاتر".
توێژەران نزیکەی 13 هەزار نیشاندەری بۆماوەیییان دەستنیشانکردووە کە پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە هەیە لە ژناندا، لە کاتێکدا لە پیاواندا 7 هەزار نیشانەیان هەیە.
جودی تۆماس دەڵێت: "هەندێک جیاوازی بۆماوەییمان دۆزیەوە کە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بپرسین بۆچی ئەو خانمانەی خەمۆکییان هەیە زیاتر نیشانەکانی میتابۆلیزمیان هەیە، وەک هەڵاوسانی کێش یان گۆڕانکاری لە ئاستی وزەدا".
خەمۆکی یان " دیپرهیشن" یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییە باوەکان، بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی دەبێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.