لە شاری هەولێر، بەهۆی فرۆشتنی خواردن لەسەر عارەبانەیەکی بێ مۆڵەت و ژەهراویبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، پۆلیس دوو تۆمەتباری دەستگیر کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێریان کرد، بەهۆی ئەوەی بە خواردن ژەهراوی بووبوون، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد و توند دەستیپێکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، دەرکەوت کە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ج. ا) و (ن. ج. ا) لە ڕێگەی دانانی عارەبانەیەکی فرۆشتنی لەفەی شاورمە و ڕۆست لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، هۆکاری ژەهراویبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بوون.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکان هیچ مۆڵەتێکی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە و سەرلەبەری کارکردنیان قەدەغە بووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە کە لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، تۆمەتباران ڕاگيراون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.