نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت لە هەر چوار نووسینگەکەی سنووری پارێزگای هەولێر کارا کراوە و هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگای ئەپلیکەیشنێکەوە نۆرەی خۆیان دیاری بکەن.
ڕۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند سیستەمی ئەپلیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارایە و هاووڵاتییان دەتوانن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت لە هەر چوار نووسینگەی سنووری پارێزگاکە کە بریتین لە نووسینگەکانی یەک و دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە، نۆرە دابنێن.
ئاماژە بەوەش کراوە ئێستا نۆرگرتن بۆ رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەستە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر ڕوونیشی کردووەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ نۆرەگرتن ئەپلیکەیشنی "الجواز العراقی" لە ڕێگای مۆبایلەوە بۆ هەردوو سیستەمی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەکار بێنن یا لە ڕێگای وێبسایتی تایبەت بە نۆرەگرتن، ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کات و ڕۆژی سەردانیان دیاری بکەن.
لەو ڕاگەیاندراوەدا هاووڵاتییان ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت، کارتی بانکی یا ماسترکاردیان پێ بێت کە دیناری عێراقیی تێدا بێت و لەم ڕێگایەوە بڕی 91000 دینار، رسووماتی وەرگرتنی پاسپۆرت بدەن. هاووڵاتیان هەروەها دەتوانن کارتی بانکیی هەژماری من بۆ دانی رسوومات بەکار بێنن.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، بوونی کارتی نیشتمانی، مەرجە بۆ دەرهێنانی و نوێکردنەوەی پاسپۆرت و ئەگەر مامەڵەکە بۆ نوێکردنەوە بێت ئەوا هاووڵاتی دەبێ پاسپۆرتە کۆنەکەشی لەگەڵ خۆی ببات.
بۆ خوار تەمەنی 18 ساڵیش دەبێ باوکی کەسەکە لە کاتی جێبەجێکردنی مامەڵە و وەرگرتنەوەی پاسپۆرت، ئامادە بێت.
لینکی وێبسایت بۆ نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنیی دەرهێنان یا نوێکردنەوەی پاسپۆرت
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.