دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێكدا داوایان لە هاووڵاتیانیان كرد بەزووترین كات خاكی ئێران جێبهێڵن.
راگەیەنراوەكە لە میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاوبووەتەوە و تێیدا هاتووە: داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بە هەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن لە گەشتكردن بۆ ئێران.
هەروەها هاتووە: ئەو هاووڵاتییانەش كە ئێستا لە ئێرانن، داوایان لێ دەكەین بە زووترین كات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەم هۆشدارییەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەكاتێكدایە كە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆببێتەوە و لەسەر داوای هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فڕەنسا، دووبارە سزا سەپێنراوەكان بەسەر ئێران كارا بكاتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەوروپا و ئێران بۆ دۆسییە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە كۆببوونەوە، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا نەگەیشتن بە رێككەوتن.
ئەڵمانیا و بەریتانیا و فڕەنسا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا پێیانوایە ئێران پەشیمان بووەتەوە لەو بەڵێنانەی دایبوو سەبارەت بە كەمكردنەوە و سنوورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی، بۆیە بڕیاردان لەسەر سەپاندنەوەی سزاكان باشترین بژاردە دەبێت لەبەرامبەر ئەو وڵاتەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.