لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، رۆژی شەممە رایگەیاند، بەهۆی ئاڵنگاریی ئەمنییەوە، هەڵبژاردن لە پارێزگای سوەیدا، حەسەکە و رەققە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی 210 ئەندامی ئەنجوومەنەکە.
رۆژی شەممە 23ـی ئابی 2025، نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی فەرمیی سووریا "سانا"ـی راگەیاند: "لە پێناو دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە بۆ سێ پارێزگای سوەیدا لە باشوور، حەسەکە و رەققە لە باکووری رۆژهەڵات، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕووی ئەم پارێزگایانە بوونەتەوە، لیژنەی باڵا بڕیاریدا پرۆسەی هەڵبژاردن لەم پارێزگایانە دوابخات، تاوەکو بارودۆخێکی گونجاو و ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی دابین دەکرێت".
گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان روونیکردەوە کە پشکی ئەو سێ پارێزگایە لە کورسییەکان پارێزراو دەبێت تاوەکو هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ وادەیەکی دیارینەکرد.
پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن، لە مانگی تەمووزدا تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی کە بەپێی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1600 کەس. سەرەڕای وەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکە هێشتا ئاڵۆزە.
هەردوو پارێزگای رەقە و حەسەکە لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق ئاڵۆزە، سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنێک لە 10ـی ئادار بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان، کە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەردوولاوە هێشتا خاڵەکانی جێبەجێ نەکراون.
گوتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری دواخستنەکە لەو پارێزگایانە دراوە لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل پرسێکی سەروەرییە و دەبێت لەو خاکەدا بکرێت کە دەوڵەت بەتەواوی کۆنترۆڵی کردووە و باڵادەستە بەسەر فەرمانگە فەرمییەکانیدا.
بەگوێرەی یاساکە، ئەنجوومەنی نوێی گەل لە 210 ئەندام پێکدێت، کە سێیەکیان لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی ئینتیقالییەوە دادەنرێن. ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنەکە سی (30) مانگە و دەتوانرێت درێژبکرێتەوە و وەک دەسەڵاتی یاسادانان کاردەکات تاوەکو دەستوورێکی هەمیشەیی دادەنرێت و هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.