بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە لە کەناراوەکانی باشووری چیلی رووی دا و ناوەندی ئاگادارکردنەوەی تسۆنامی لە زەریای هێمن ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی شەپۆلەکانی تسۆنامی لە ئارادا نییە.
ڕۆژی هەینی، 22ـی ئاب، ناوەندی ئاگادارکردنەوەی تسۆنامی لە زەریای هێمن ڕایگەیاند: بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر ڕێڕەوی درەیکی نێوان ئەمریکای باشوور و کیشوەری جەمسەری باشوور (ئەنتارکتیکا)ی هەژاند.
ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکی لە سەرەتادا ڕایگەیاندبوو گوڕی بومەلەرزەکە 8 پلە بووە، بەڵام دواتر پلەکەی کەم کردەوە و وتی لە قووڵایی 11 کیلۆمەتردا بووە و لە دووریی زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئوشوایا لە باشووری ئەرجەنتین ڕووی داوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 57 هەزار کەسە.
دەستەی زانستی دەریا و زەریاکانی سەر بە هێزی دەریایی چیلی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دروستبوونی تسۆنامی لە ناوچە تایبەتەکەی خۆی لە کیشوەری جەمسەری باشوور، هۆشداریی دا؛ لە دوای ئەوەی بومەلەرزەکە لە دووری 258 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای بنکەی فرای ڕوویدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.