نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مەهدی زانا، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد دەربڕی و سەرەخۆشی لە لەیلا زانا و بنەماڵەکەیان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" (X) سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، خوالێخۆشبوو مەهدی زانا، ئاراستەی لەیلا زانا و تەواوی ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەهدی زانا یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی کاروانی خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیا. نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کۆچکردوو ساڵانێکی درێژی تەمەنی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد تەرخان کردووە و لەم ڕێگەیەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە و دۆستانی کۆچکردوو زانی و داوای لە خودای گەورە کرد گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.