چەند بەرپرسێکی باڵای سووریا بە ئیندیپێندێنتی عەرەبییان ڕایگەیاند سووریا و ئیسرائیل مانگی داهاتوو بە ناوبژیوانیی ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی واژۆ دەکەن.
ڕۆژی هەینی 22ـی ئابی 2025، ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی عەرەبی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای سووریا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل و سووریا ڕۆژی 25ی ئەیلوول بە سەرپەرشتی و ناوبژیوانیی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ دەکەن.
سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە، ڕۆژێک پێش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێک پێشکەش دەکات.
باسیان لەوەش کردووە تەلئەبیب و دیمەشق لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر واژۆ ناکەن و ڕێککەوتنەکەی مانگی ئەیلوول، تەنیا لایەنی ئەمنی دەگرێتەوە و تایبەت بە ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتە.
کەناڵی سکای نیوزی عەرەبییش لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد حکوومەتی ئەمریکا لە هەوڵدایە، بنیامین نەتانیاهۆ و ئەحمەد شەرع، مانگی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک کۆ ببنەوە و دیدارەکەش بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوە بچێت.
لە مانگی ڕابردوودا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا لە پاریس لەگەڵ ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتێژیی ئیسرائیل، کۆ بووەوە و لەسەر ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە باشووری سووریا گفتوگۆیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.