سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی میوانداریکردنی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپا لە کۆشکی سپی، مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، زێلێنسکی دەتوانێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بەڵام دەبێت دەستبەرداری ئەندامێتیی ناتۆ و گەڕاندنەوەی نیمچەدوورگەی کریمیا بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت کۆتایی بە جەنگی رووسیا بهێنێت، بەڵام بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی ئەوە دەبێت کە ئۆکراینا نابێتە ئەندامی ناتۆ".
ترەمپ لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەمڕۆ بە رۆژێکی گەورە وەسف دەکات و دەڵێت: "رۆژێکی گەورەیە لە کۆشکی سپی. هەرگیز ئەم ژمارە زۆرەی سەرکردەی ئەورووپی لە یەک کاتدا لەوێ نەبوون. شانازییەکی گەورەیە میواندارییان بکەم".
چەند کاتژمێرێک پێش دیداری چاوەڕوانکراوی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە کۆشکی سپی، ترەمپ گوتیشی، گەڕاندنەوەی نیمچەدوورگەی کریمیا – کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 بە شێوەیەکی نایاسایی خستییە سەر خاکی خۆی، ئەگەری روودانی نییە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان، لەوانەش کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە واشنتن بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکەن لەگەڵ زیلینسکی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی ئۆکراینا.
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەلێکساندەر ستاب، سەرۆکی فینلاند و ئۆرسولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن. هێشتا دیار نییە چەندیان سەردانی کۆشکی سپی دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.