بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، نوێترین ئامار و زانیاری سەبارەت بە پرۆسەی ناونووسینی هاووڵاتیان بۆ فەریزەی حەج ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئاب، شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 47,000 فۆرمی داواکاری پێشکەش کراون، کە ناوی زیاتر لە 70,000 هاووڵاتییان تێدا تۆمار کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی ناونووسین تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە 5ـی ئاب بەردەوام دەبێت و تەنها 3 ڕۆژ مۆڵەت لەبەردەم هاووڵاتیاندا ماوە.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی جەختی کردەوە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەدەچێت و لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، خەریکی وردبینیکردنی ناوەکانن.
هەروەها ڕایگەیاند، دوای تەواوبوونی قۆناغی وردبینیکردن، وادەی ئەنجامدانی تیروپشک دیاری دەکرێت، کە تیروپشکەکە بۆ هەردوو ساڵی 2027 و 2028 پێکەوە ئەنجام دەدرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێککەوتی 21ـی تەمووزەوە لە ڕێگەی دەروازەی حەج و بە هاوکاری فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، پرۆسەی ناونووسینی بە شێوەی ئۆنلاین بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.