ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رووداوێكی دەگمەن لە شاری كەربەلا رووی دا، ئەویش نیشتنەوەی ھێلیكۆپتەرێك بوو لە گەراجێكی وەستانی ئۆتۆمبێل، هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەڵێن هێلیكۆپتەرەكە بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی ناچار بووە بنیشێتەوە.
رووداوەكە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ناوەڕاستی شاری كەربەلا رووی دا، وەك لە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت، هێلیكۆپتەرێكی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق بەناچاری لە گەراجێك و لەسەر ئۆتۆمبێلێك دەنیشێتەوە.
نیشتنەوەی هێلیكۆپتەرەكە خەریك بوو كارەساتێكی گەورە بنێتەوە، چونكە شەقامی بەردەم گەراجەكە پڕ لە ئاپۆڕای خەڵك بوو كە هاتبوون لە مەڕاسیمەكانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بەشداربن.
لەبارەی رووداوەكە، عەمید میقداد میری گوتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی مەڕاسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن رایگەیاند: یەكێك لەو هێلیكۆپتەرانەی تایبەت كرابوو بە بەڕێوەچوونی مەڕاسیمەكان لە شاری كەربەلا، بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی بەناچار بووە بنیشێتەوە.
راشیگەیاند: هێلیكۆپتەركە لەسەر ئۆتۆمبێلێك لە گەراجەكە نیشتووەتەوە، خۆشبەختانە رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدوای خۆیان نەهێناوە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
ڤیدیۆ.. ساتی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.