ماوەی زیاتر لە 48 كاتژمێرە ئاو لە چەندان گەڕەكی تارانی پایتەخت بڕاوە، دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشداری ئەوە دەدەن كە رەنگە تا مانگی داهاتوو قەیرانی ئاو لە پارێزگاكە بەردەوامی هەبێت.
محەمەد تەقی حوسێن گوتەبێژی دەستەی ئاو لە تاران رایگەیاند: دەبێت بۆ هاووڵاتییانی تاران روون بكەینەوە كە پرسی كەمی ئاو لە پارێزگاكە بووەتە واقیع و رەنگە بەمزووانە نەتوانرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
گوتیشی: چارەسەری خێرا و بەپەلە تەنیا ئەوەیە كە هاووڵاتییان خۆیان رێژەی بەكارهێنانی ئاو كەم بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە بەلایەنی كەم رەنگە تا مانگی داهاتووش كێشەی كەمئاوی لە تاران بەردەوامی هەبێت.
لای خۆشییەوە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران چەند رۆژێك پێش ئێستا ئاماژەی بەوەدابوو كە ئەگەر هاووڵاتییانی تاران رێژەی بەكارهێنانی ئاو كەم نەكەنەوە، رەنگە كێشەی كەمئاوی لە پارێزگاكە تا چەند مانگی داهاتووش بەردەوامی هەبێت.
هەروەها گوتبووی: ئەگەر هاووڵاتییان خۆیان هاوكار نەبن لە بەفێڕۆنەدانی ئاو، بەهیچ شێوەیەك دۆخی ئاو لەناو خانووەكانمان وەك پێشتری لێ نایەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.