سەرۆکایەتیی گانا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، وەزیرانی بەرگری و ژینگەی وڵاتەکەیان لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەردا گیانیان لەدەستداوە. ڕووداوەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە هێزە چەکدارەکان ونبوونی هێلیکۆپتەرێکیان ڕاگەیاند کە 8 سەرنشینی هەڵگرتبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئاب، جولیۆس دێبرا، بەڕێوەبەری نووسینگەی جۆن ماهاما، سەرۆککۆماری گانا پشتڕاستی کردەوە، ئیدوارد ئۆمان بواما، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم مورتالا محەمەد، وەزیری ژینگە لەنێو قوربانییانی ڕووداوەکەدان.
دێبرا لە لێدوانێکدا گوتی: "سەرۆک و حکوومەت پرسە و هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی خانەوادەی هاوکاران و سەربازانمان دەکەن کە لە کاتی خزمەتکردنی نیشتماندا گیانیان بەخشی".
لە ڕووداوەکەدا هەریەک لە حاجی مونیر محەمەد، جێگری ڕێکخەری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری پێشووتری کشتوکاڵ، لەگەڵ ساموێل سارپۆنگ، جێگری سەرۆکی پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتی کە حزبی فەرمانڕەوایە، گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە، هێزی ئاسمانیی گانا ڕایگەیاندبوو کە هێلیکۆپتەرێکی سەربازی دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە ئەکڕای پایتەختەوە لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی، لە ڕادار ون بووە. هێلیکۆپتەرەکە بەرەو شاری ئۆبواسی لە باکووری ڕۆژئاوای پایتەخت بەڕێکەوتبوو و 3 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی و 5 سەرنشینی تێدابووە.
وەک ڕێزێک بۆ قوربانییەکان، جولیۆس دێبرا ڕایگەیاند کە ئاڵاکانی وڵات بۆ نیوە دادەگیرێن و سەرۆکایەتیی گاناش بڵاوی کردەوە کە جۆن ماهاما سەرجەم چالاکییە فەرمییەکانی بۆ ئەمڕۆ هەڵپەساردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.