ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئابی 2026)، لە دیمەشقی پایتەخت پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد. لەم دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ هاوکاریی ستراتیژی لە پێناو سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان کرا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو گەل بکات. سەرۆک شەراع لە میانی لێدوانێکدا وێڕای بە "برا" ناودبردنی نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دیدارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، ئەحمەد شەرع ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵانی ڕابردوودا و ڕایگەیاند: "ئێمە بە بەرزی نرخاندنی ئەو چاودێری و میواندارییە دەکەین کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانی کردووە." ئەم ئاماژەیە وەک پێزانینێک دەبینرێت بۆ حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارەی سووری کە لە کاتی جەنگدا ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لەوە کردەوە کە دیمەشق بە ئومێدەوە دەڕوانێتە بەردەوامیی کارە هاوبەشەکان لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای "گیانی هاوکاری و برایەتی"، تاوەکو بتوانرێت پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکرێن.
چاودێرانی سیاسی ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە دیپلۆماسیی ناوچەیی دەبینن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی توندی سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم لێکتێگەیشتنانە ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان سووریا و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.