Erbil 31°C دووشەممە 21 ئەیلوول 17:21

عەلی زەیدی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێکەوت بۆ نیویۆرک

100%

ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە یاوەریی شاندێکی باڵا بەغدای بەجێهێشت و بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت، بە مەبەستی بەشداریکردن لە خولی 81ـی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران، دیدگای عێراق سەبارەت بە پرسە نیشتمانی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا دەخاتە ڕوو.

گوتەبێژەکەی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، زەیدی لە وتارەکەیدا هەڵوێستی دەوڵەت و ئەولەویەتەکانی حکوومەت لە بوارەکانی پاراستنی سەروەری، پشتیوانیکردنی ئاسایش، بووژانەوەی ئابووری و بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشەپێدان دەخاتە بەرچاو. هەروەها جەخت لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.

حەیدەر عەبوودی ئەوەشی خستەڕوو، لە سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سەرۆک وەزیران بە ناوی عێراق و گەلەکەیەوە قسە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "عێراق کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەقامگیریی ناوچەکەیە و ئاسایشی ناوچەکە تەنیا بە ڕێزگرتن لە سەروەری و شەراکەتی بەردەوام بەدی دێت".

بڕیارە لە پەراوێزی ئەم خولەی ئەنجوومەنی گشتی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دوولایەنە لەگەڵ سەرکردە و سەرۆک حکوومەتەکان و بەرپرسانی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان، فراوانکردنی شەراکەتی ئابووری و وەبەرهێنان، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژی و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.