بۆ یەكەمجار لە وڵاتی هیندستان، جۆرێكی نوێی خوێن كە پێشتر لە هیچ شوێنێكی دیكە تۆمار نەكراوە، دۆزرایەوە.
جۆرە نوێیەكەی خوێن لە ئافرەتێكی تەمەن 38 ساڵ لە پارێزگای كارناتاكا لە باشووری هیندستان دۆزراوەتەوە، كاتێك پزیشكەكان بەنیازبوونە نەشتەرگەرییەكی دڵ بۆ ئافرەتەكە ئەنجام بدەن.
دوای پشكنینەكان، دەركەوتووە كە ئەو جۆرە خوێنەی لە لەشی ئافرەتەكەدا هەیە لە هیچ كەسێكی دیكەدا نەبووە و لە هیچ شوێنێكی دیكەشدا تا ئێستا تۆمار نەكراوە.
دكتۆر ئەنكیت ماسوور كە بۆ یەكەمجار جۆری خوێنە نامۆكەی لە ئافرەتەكەدا دۆزیوەتەوە، دەڵێت: دوای تێبینیكردنی جۆری خوێنە نامۆكە، پشكنینمان بۆ 20 كەسی نزیكی ئافرەتەكە كرد، دەركەوت خوێنی هیچ كامیان لە جۆری خوێنی ئافرەتەكە ناچێت.
پزیشكەكە هەروەها دەڵێت: نموونەی جۆری خوێنەكەمان بۆ تاقیگەیەكی بەریتانیاش ناردووە و دوای ئەنجامدانی پشكنینی ورد، ئەوانیش بۆیان دەركەوتووە كە جۆری خوێنەكە دەگمەنە و پێشتر لە هیچ شوێنیكی دیكە تۆمار نەكراوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە جۆری خوێنە نوێنەیەكەیان ناوناوە (CRIB) و تا ئێستاش لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن.
جێی باسە، ئافرەتی خاوەن خوێنە دەگمەنەكە هەر ئەو كات لە هیندستان نەشتەرگەرییەكەی بەسەركەوتوویی بۆ كراوە، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەش پزیشكەكان هەموو هەوڵێكیان داوە خوێنی پێویست نەبێت، چونكە خوێنەكەی لە هیچ شوێنێكی دیكەدا لەسەر گۆی زەوی دەستناكەوێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.