سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر خستووەتە بەردەم کیێڤ، بە مەبەستی کۆکردنەوەی بریندار و تەرمی سەربازە کوژراوەکان. هاوکات ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 7,000 تەرمی سەربازانی ئۆکراینایان رادەستی کیێڤ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تەمووز، ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری رووسیا رایگەیاند: مۆسکۆ پێشنیازی بۆ کیێڤ کردووە سەیری پرسی راگەیاندنی ئاگربەستێکی کورت بۆ ماوەی 24 یان 48 کاتژمێر بکات، بە مەبەستی کۆکردنەوەی برینداران و تەرمی سەربازەکان.
مێدینسکی ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم رێککەوتنە مرۆییەکانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا جێبەجێ کراون و دووەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش کە بێ وێنە بووە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، کۆتایی هاتووە.
روونیکردەوە کە رووسیا پێشنیازی بۆ ئۆکرانیا کردووە سێ گرووپی کاریی ئۆنلاین پێکبهێنرێن و لایەنی ئۆکراینیش بڕیاری داوە تاوتوێی پێشنیازەکەی رووسیا بکات.
سەرۆکی شاندی رووسیا گوتی: "رووسیا زیاتر لە 7,000 تەرمی سەربازانی ئۆکراینای رادەستکردووەتەوە کە لە شەڕەکاندا کوژراون، هەروەها پێشنیازی بۆ کیێڤ کردووە 3,000 تەرمی دیکەی سەربازە کوژراوەکانی ئۆکراینا وەربگرێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ئاوارەبوون، لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی تاوتوێکراوە و جەختیکردەوە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی کورسک لە ئۆکراینا، ناڕوونە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.