Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 11:02

وادەی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەسەر كرێنشین و كەمدەرامەتان راگەیەنرا

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئاشكرای دەكات كە كۆتایی هەفتەی داهاتوو یەكەكانی نیشتەجێبوون بەسەر كرێنشین و كەمدەرامەتان دابەش دەكرێت و ناوی سوودمەندان رادەگەیەنێت.

وەزارەتەكە رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو رێكەوتی 24/7/2025 لە رێورەسمێکدا ناوی سوودمەندبووان رادەگەیەنرێت و بەفەرمی بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروستی کردووە.

هەروەها رایگەیاند: ژمارەی یەکەکان زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاماژە بەوەش دەكات كە رۆژی پێنجشەممە سەرجەم یەكەكان دابەش دەکرێن بەوانەشی كە تا ئێستا تەواو نەکراون، بۆ ئەوەی خێزانی سوودمەندبوو دڵنیا بێت لەوەی كە یەکەیەک کراوە بەناویەوە و هەر کات تەواو کرا تیایدا نیشتەجێ دەبێت.

ماوەیەك بەر لە ئێستا دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان راگەیەنرا و بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە 25 هەزار خێزان فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕکردبووەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی و جیاکردنەوەی ناوەکان بە خاڵبەندی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند و بەئامادەبوونی نوێنەری کرێنشینان ئەنجامدرا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە ئەم یەکانە بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەکی بدات بە خێزانەکان، خێزانەكانیش بە قیستی مانگانە و بە ماوەی 25 ساڵ پارەی یەکەکە دەدەنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.