Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:49

لە دوای هەرێمی کوردستان، بەغداش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی رێککەوتنی کرد

کوردستان TV
100%

کەمتر لە چوار مانگ دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی واژۆ کرد، حکوومەتی عێراقیش بە فەرمی کێڵگەی نەوتی حەمرینی بەم کۆمپانیا ئەمریکییە سپارد.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەمووزی 2025، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنەرجی ئەمریکی، ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ پەرەپێدانی کێلگەی نەوتی حەمرین واژۆ کرد.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئەمریکی هەوڵ دەدەن بەرهەمهێنانی کێڵگەی حەمرین بۆ 60 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەنەوە لەگەڵ وەبەرهێنان لە 45 تا 50 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا.

 ئاماژەی بەوەش کرد ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای کێڵگەی حەمرین سەرەڕای ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەکان لە نێوان 20 تا 25 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە.

جەختیشی کردەوە وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر هاوکاریکردنی لەگەڵ کۆمپانیا ناودارە ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان و کۆمپانیا جیهانییەکانی دیکە بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و زیاد کردنی توانای بەرهەمهێنان بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووریی نیشتمانی.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە مەراسیمی واژۆکردنەکە بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزارەت و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناوەندی وەزارەت بەڕێوەچوو.

عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، لە دوای واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەکە وتی: "ئەو ڕێککەوتنەی واژۆ کرا، دەبێتە بنەمایەک بۆ واژۆکردنی گرێبەستی پەرەپێدان لە داهاتوودا" ئاماژەی بەوەش کرد کە «گرێبەستەکە ئامانجی پەرەپێدانی سەرجەم بیرە نەوتییەکانی کێڵگەکە و پێگەیاندنی کارمەندانە، هەروەها بەشدار دەبێت لە دابینکردنی سووتەمەنیی گاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دامەزراندنی هێزی کاری عێراقی".

پێشتر لە ڕۆژی 19ی ئایاری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بۆ پەرەپێدانی کێلگەی میران بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە واژۆ کردبوو.

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکی چەند ساڵێکە لە کێلگەی نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک چالاک بووە و 62٪ی پشکەکانی ئەم کێڵگەیەی پێ دراوە.

واژۆ کردنی گرێبەستی نێوان عێراق و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە کاتێکدا بوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر کۆگاکانی ئەم کۆمپانیایە لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە شارۆچکەی ئامێدیی لە سنووری پارێزگای دهۆک.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.