ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ بە بنیامین نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئێڕان بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بچێت، لاریی نییە ئیسرائیل دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئەم وڵاتە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی واڵ ستریت جورناڵ، کە رۆژی شەممە 12ی تەمووزی 2025 بڵاو کراوەتەوە، بنیامین نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، پێی ڕاگەیاندووە ئەگەر ئێران هەوڵەکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە، ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی دەکاتەوە سەر ئەم وڵاتە. لە وڵامیشدا دۆناڵد ترەمپ جەختی کردووەتەوە، خوازیاری ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تارانە بەڵام ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، دژی پلانەکەی ئیسرائیل نابێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە واڵ ستریت جورناڵی وتووە، تاران بە هۆی ئەو زیانە قورسانەی بەر هەردوو بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز و فۆردۆ کەوتوون، ناتوانێ یۆرانیۆمی پاشەکەوتکراو لەم دوو بنکانە بەکار بێنێتەوە بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، بەشێک لە پاشەکەوتی یۆرانیۆم پیتێنراو لە بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان، لە هێرشەکاندا لەناو نەچووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر هەوڵی بۆ بدات، دەتوانێ ئەم یۆرانیۆمە بەکار بێنێتەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە وڵاتەکەی بە خێرایی لە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بەکارهێنانەوەی ئەم یۆرانیۆمەی بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان ئاگادار دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.