Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:07

یەکەم چارەسەری تایبەت بە مەلاریا بۆ منداڵانی ساوا پەسەند کرا

کوردستان TV
100%

دەزگای ڕێکخستنی دەرمانی سویسرا، یەکەم چارەسەری تایبەت بە نەخۆشیی مەلاریا لە جیهاندا بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو پەسەند کرد، ئەم هەنگاوە ڕێگەخۆش دەکات بۆ دابینکردنی دەرمانەکە لەو وڵاتە ئەفریقیانەی کە نەخۆشییەکە تێیاندا بڵاوە و ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمووز، گەورە کۆمپانیای دەرمانسازیی سویسری نۆڤارتیس ڕایگەیاند: دەزگای ڕێکخستنی دەرمانی سویسرا سویس مێدیک (Swissmedic) چارەسەرە نوێیەکەیانی بە ناوی کۆئارتێم بەیبی (Coartem Baby) پەسەند کردووە، کە یەکەم چارەسەری تایبەتە بە مەلاریا بۆ منداڵانی ساوا کە کێشیان لە پێنج کیلۆگرام کەمترە.

پێشتر ئەم منداڵانە بەهۆی نەبوونی چارەسەری گونجاو، مەترسیی گەورەیان لەسەر بوو، چونکە ناچار دەبوون ژەمی دەرمانی منداڵانی گەورەتر بەکار بهێنن.

نەخۆشیی مەلاریا کە لە ڕێگەی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە، ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 600 هەزار کەس، کە زۆرینەیان منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵن لە ئەفریقیا.

چارەسەرە نوێیەکە تامێکی گێلاسی شیرینی هەیە و دەتوانرێت لەگەڵ شیری دایکدا بتوێنرێتەوە، ئەمەش پێدانی بە منداڵی ساوا ئاسانتر دەکات.

بڕیارە هەشت وڵاتی ئەفریقی، لەوانە نایجریا، کینیا و ئۆگەندا، بەهۆی ئەم بڕیارەی سویسراوە بە خێرایی دەرمانەکە پەسەند بکەن. کۆمپانیای نۆڤارتیس هیواخوازە تا پاییزی ئەمساڵ دەرمانەکە لەسەر بنەمای قازانج نەویست بخاتە بەردەست.

شارەزایان بە هەونگاوێکی گەورە ناوی دەبەن، چونکە ئەو بۆشاییە چارەسەرییەی بۆ ئەم تەمەنە هەستیارە هەبوو، پڕی دەکاتەوە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.