کۆمپانیای کەشناسیی "ئەکیووێزر" ڕایگەیاند قەبارە زیانەکانی لافاوە کارەساتبارەکەی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بە 18 تا 22 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.
ئەکیووێزەر لە راپۆرتێکی سەرەتاییدا ڕایگەیاندووە خەمڵاندنەکانی ئەوان، داواکارییەکانی بیمە، هەوڵەکانی پشکنین، پاککردنەوەی گشتگیر، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، چاککردنەوە و بنیاتنانەوە و هەروەها کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم لافاوە لەسەر کەرتی گەشتیاریی لە خۆ گرتووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەو تێچووە زۆرە، بیمەی ماڵان، زیانەکانی لافاو و بە گشتی زیانەکانی ئاو ناگرێتەوە هەر بۆیە زۆربەی ئەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە، بیمەی گونجاویان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئەم لافاوە نییە. وەک کۆمپانیاکە ئاماژەی پێ کردووە، تەنها 4٪ی خاوەنماڵەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی "بەرنامەی نیشتمانیی بیمەی مەترسیی لافاو"ی سەر بە ئاژانسی بەڕێوەبردنی فریاکەوتنەکان (FEMA) بیمەی لافاویان هەیە.
ڕۆژی هەینی 4ی تەمووزی 2025، لافاوێکی وێرانکەر بەشێک لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکای گرتووە و تا ئێستا لانیکەم 104 کەس بە هۆی ئەم لافاوەوە گیانیان لە دەست داوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.