وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، ئەگەر رووسیا بە زووترین کات شەڕ لەگەڵ ئۆکراینا ڕانەگرێت سزاکانیان هێندە قورس دەکەین لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو شتی وایان نەبینیبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمووزی 2025، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەوەی زنجیرەیەک سزای نوێ بەسەر رووسیادا بسەپێنن".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، بەهۆی ئەو شەڕەی لە نێوان ئۆکراینا و رووسیادا هەیە، ئێمە بە بەردەوامی سزامان خستوەتە سەر رووسیا بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە بۆیە بڕیامان دا سزایەکی وایان بخەینە سەر لە سێ ساڵی رابردووەوە شتی وایان بە خۆیانەوە نەبینیبێت.
ژان نۆوێل گوتی، لەسەر پێشنیاری فەرەنسا و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بڕیارمان دا سزاکان توند بکەین بۆ ئەوەی رووسیا دەستدرێژییەکانی بۆسەر ئۆکراینا رابگرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا هاوکاریی ئۆکراینا بکات و چەکی بەرگرییان بۆ بنێرێت و رایگەیاند: "ئەو چەکانەی دەینێرێتە ئۆکراینا دەبێت لە باشترین چەکەکان بێت".
لە شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و ماوەی سێ ساڵە ئەم شەڕە بەردەوامە. یەکێتیی ئەوروپاش بە بەردەوامی سزای خستووەتە سەر رووسیا و هەر شەش مانگ جارێک سزاکان نوێ دەکاتەوە، ژمارەی سزاکانی سەر رووسیا بووەتە 17 سزا بە گوتەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سزاکان و گامارۆکانی سەر ئەو وڵاتە زیاد دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.