فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایدەگەیێنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی دیکە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی "هەژماری من" دەنێت و ئەمجارە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دەخاتە چوارچێوەی پرۆژەکەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمووز، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 95٪ـی لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکارییەکانی مانگی شەشی هاوپەیمانانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرتووە.
لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە "ئەمە بەراورد بە مانگی رابردوو، رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دەستکەوتێکی دیکەیە لە بەهێزکردنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ دابەشکردنی پارەی هاندان لە رێگەی هەژماری بانکییەوە."
پرۆژەی "هەژماری من" یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیجیتاڵکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە داراییەکان. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 750 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا خۆیان تۆمارکردووە و نزیکەی 400 ئامێری راکێشانی پارەش (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دانراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.