شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بە فڕێدانی زبڵ و پاشماوە لە سەر شەقام و ڕێگای سەرەکی هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیان و دەڵێ: ئاگادار بن ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێردا هاتووە: "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک بارهەڵگر لە شوێنی قەدەغەکراو سەرپێچیان کرد و پاشماوەی خانووبەرەیان فڕێ دا، هەر زوو لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بارهەڵگرەکان دەستنیشان کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا "
ئاماژە بەوەش کراوە: ئەو بارهەڵگرانە، "لە بەرامبەر سەرپێچیەکەیاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ دوو گۆڕەپانی گەورەی گەڕەکی نیشتیمان و گەلاوێژیان پێ خاوێن کرایەوە".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی شارەوانیی هەولێر: "سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بۆ گلدانەوەی تەواوی زبڵ و پاشماوەکانی شاری هەولێر، سەرچاوەی زبڵخانەی 'کانی قڕژاڵە'ی دەستنیشان کردووە؛ هەروەها هۆبەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، وەک تیمێکی تایبەتی بە کەرەستە و پێداویستی و ئامێری قوڕس بۆ داپۆشینی زبڵ و پاشماوەکان، جێگیر کراون و بەردەوام هەماهەنگن لەگەڵ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە کەپسانەی زبڵەکان دەگوازنەوە بۆ زبڵخانەکە یاخود کە هاوڵاتیان بۆ فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی و خانووبەرە دێنە زبڵخانەی ناوبراو" .
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەختیشی کردووەتەوە "پاک و خاوێنی شار ئەرکی هەموولایەکمانە لەپێناو ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پاراستنی سیمای جوانی شارەکەمان" .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.