سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: بڕیارە فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، نوسراوی فەرمیی زیادکردنی پشکی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان ڕادەستی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی زیادکردنی بڕی سووتەمەنی نێردراو و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ گرفتی کەمیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دێت، تاوەکو هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکرێت.
سەلوان ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، واژووی زیاتر لە 150 پەرلەمانتار کۆکرایەوە. ئامانج لە کۆکردنەوەی واژووەکان چەسپاندنی مافی هەرێمی کوردستانە لە وەرگرتنی پشکی سووتەمەنی لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان، تاوەکو کێشەی بەنزین بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.