دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە (12ی ئابی 2026) ڕایگەیاند، کە کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست لە کار دەكێشێتەوە.
لیڤێت کە تەمەنی 28 ساڵە، بە گەنجترین وتەبێژی کۆشکی سپی لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت و لە دەسپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپەوە لەم پۆستەدا بووە.
سەرۆک ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی لیڤێت بۆ مەبەستی "بەسەربردنی کاتی زیاترە لەگەڵ منداڵە بچووکەکانی و خێزانەکەی." ترەمپ ستایشی کارەکانی لیڤێتی کرد و ڕایگەیاند کە ناوبراو لەمەودوا وەک یەکێک لە ڕاوێژکارە دەرەکییە باڵاکانی سەرۆک و دەنگێکی کاریگەر لە ناو پارتی کۆماریدا دەمێنێتەوە.
ئەم پاشەکشەیەی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ خەریکی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنەکانی نۆرەیی (Midterm Elections). ترەمپ جەختی کردەوە کە لیڤێت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لەو هەڵمەتەی کە ئامانجیانە تێیدا مێژوو بگۆڕن و سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنن. تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی ناوی هیچ کەسێکی بۆ جێگرتنەوەی لیڤێت ڕانەگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.