سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەبۆنەی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و هەوڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی یەکخستنەوەکەدا بەرز نرخاند.
دەقی پەیامی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق:-
بەبۆنەی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی فەرماندە، ئەفسەران، پلەداران و کارمەندانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم. پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگەیان لێدەکەم کە وێستگەیەکی دیارە لە کاروانی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنی لە عێراقدا.
بێگومان ئەم ڕاگەیاندنە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی یەکگرتوودا دێت و پایەیەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی دیسیپلین و ئامادەباشی، هەروەها چەسپاندنی پرەنسیپی یەکپارچەیی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە پێناو پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و هەڕەشە جۆراوجۆرەکان.
لەم بۆنەیەدا، لە وەزارەتی بەرگری جەخت دەکەینە سەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی، هاوکاری و تەواوکاری لە نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا، وەک دوو بەشی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، کە لە میانی شەڕەکانی ڕزگارکردندا سەلماندیان شانبەشانی یەکتر لە یەک سەنگەردان بۆ بەرگریکردن لە خاکی عێراق و گەلەکەی لە دژی تیرۆر.
هاوکات، ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنین کە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستانەوە دراون، لە پێشەنگیاندا بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز مەسرور بارزانی، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، لە پێناو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان.
ئێمە چاومان لە هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیی زیاترە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی زیاتر بچەسپێنێت.
لە خوای گەورە داواکارین کە عێراق و گەلەکەی بپارێزێت، ئاسایش، سەقامگیری و یەکڕیزی بۆ نیشتمانە ئازیزەکەمان بەردەوام بکات.
فەریق یەکەمی ڕوکن هێزە تایبەتەکان
عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا
سەرۆکی ئەرکانی سوپا
22ـی ئەیلولی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.