وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتاکانی پسوولەی مانگی 6 (حوزەیران)ـی پڕۆژەی "ڕووناکی" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە سیستمە نوێیەکە باری گرانی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان سووک کردووە و تێچووی کارەبا بەراورد بە جاران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، نیوەی ئەو ماڵانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدان، بڕی تێچووی کارەباکەیان کەمتر بووە لە 34,000 دینار.
تێکڕای تێچووی کارەبا لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: 36,000 دینار.
سلێمانی: 30,000 دینار.
دهۆک: 38,000 دینار.
هەڵەبجە: 27,000 دینار.
وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90%ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، ئێستا بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوبەشان، بڕیاری داشکاندنی 50%ی بۆ قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەرکردووە. ئەمە وەک دەرفەتێکی زێڕین و یەکجارەکی دەبینرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن قەرزەکانیان پاکتاو بکەن.
پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی کارەبای بەردەوامە بۆ تەواوی کوردستان. وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە کە کارەکان بەردەوامن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.