Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 08:22

لە هەڵەبجە رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل بچنە شوێنە گشتییەکان

کوردستان TV
100%

لێژنەی ئەمنیی هەڵەبجە دەڵێت، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جام رەش لەگەڵ ماتۆڕسکیل نابێت لە شوێنی گشتی و گەشتیاریی سنووری هەڵەبجە بسوڕێنەوە بە پێچەوانەوە توشی سزا دەبنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە رایگەیاند لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و سکاڵای زۆری هاووڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە، لێژنەکە چەند بڕیارێکیان لە بەرژەوەندیی گشتی دەرکرد.

لە بڕیارەکەیاندا هاتووە، ئەو ماتۆڕانەی کاری دلیڤەری دەکەن خاوەن کارەکانیان ئاگادار کراونەتەوە نابێت لەسەر شەقامە گشتییەکان هاتوچۆ بکەن و ببنە هۆی دروستکردنی کێشەو گرفت، هەروەها هەر ئۆتۆمبێلێک، بێ سەرەتا، لەناو شوێنە گشتی و گەشتیارەکانی سنووری پارێزگاکە بسووڕێتەوە، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە نۆ بڕیاری دەرکردووە و لە ئەمڕۆوە کاریان پێ دەکرێت.

یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنیی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لەسەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.

دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.

سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان ڕەشە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.

چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکوو پێویستە بخرێنە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.

پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.

شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەندنەبوون دەدرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.