کارەبای 24 کاتژمێری کاریگەریی لەسەر شێوازی بەکار هێنانی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە داناوە و خواستی لەسەر سپلیت و ئەو ئامێرانە کەم کردووەتەوە کە کارەبای زۆریان پێویستە.
رۆژی پێنجشممە 3ـی تەمووز، "سۆران محەمەد"، خاوەن پێشانگای کەلوپەلی کارەبایی ناوماڵ بە دیجیتاڵ میدیای "کوردستان تیڤی"ی گوت: دوای ئەوەی پرۆژەی رووناکی جێبەجێ کرا، هاووڵاتییان ڕا و بۆچوونیان بەرامبەر بە کەلوپەلی کارەبایی ناوماڵ گۆڕدراوە.
سۆران محەمەد گوتی، جاران خەڵک بە دوای بەهێزترین کەلوپەلی کارەباییدا دەگەڕان بە بێ ئەوەی رێژەی تێچووی کارەباکەی بزانن، تەنها دەیانویست باشترین سپلیت یان جلشۆر یان هەرشتێکی دیکەی ناوماڵ ببەن؛ بەڵام ئێستا ئەو کڕیارانەی سەردانمان دەکەن یەکەم پرسیاریان ئەوەیە چەندە کارەبای دەوێ؟
سەبارەت بە خواست لەسەر فێنککەرەوەکان لە وەرزی هاویندا، سۆران محەمەد پێی وایە، خواست لەسەر کڕینی سپلیت کەمی کردووە و بازاڕی موبەریدە باش بووە، چونکە بە یەک موبەریدە دەتوانن چەند ژوور فێنک بکەنەوە و تێچووی کارەباشی زۆر کەمترە.
"رەنجدەر بەهجەت"، خاوەن پێشانگایەکی دیکەی کەلوپەلی کارەباییە. ئەوخاوەن کارە باس لەوە دەکات کارەبای 24 کاتژمێری وای کردووە هاووڵاتییان کارەبا بەپێی خواست بەکار بهێنن.
ئەو خاوەن پێشانگایە باس لەوە دەکات، "گرنگە کەلوپەلی کارەبایی کەمترین کارەبا خەرج بکەن، چەند ساڵێک پێش ئێستا لە کوردستان بەم شێوەیە نەبوو بەڵام ئێستا خەڵک بە وردی لێپرسینەوە لەوە دەکات ئەو ئامێرەی دەیکڕێت چەندە کارەبای پێویستە".
ئەو گۆڕانکارییە تەنها لە فێنککەرەوەدا رووی نەداوە بەڵکوو کاری کردووەتە سەر ئەوەی خەڵک چی دیکە گەرەمکەرەوەی کارەبایی بەکار نەهێنن و وەک رەنجدەر بەهجەت ئاماژەی پێ دەدات؛ "ئێستا وەرزی هاوینە و دەبوایە خواست لەسەر گەرمکەرەوەی ئاو نەبێت؛ هاووڵاتییان وازیان لە کڕینی گەرمکەرەوەی کارەبایی هێناوە و گەرم کەرەوەی گازی دەکرن."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 95 گەڕەک کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و بەهۆیەوە 1260 موەلیدە کوژاونەتەوە.
سەرەتای مانگی تەمووز، پرۆژەی رووناکی لە وەزارەتی کارەبای کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە پارێزگای هەولێر 50٪ ی ئەو ماڵانەی لە پرۆژەکە سوودمەندن، کەمتر لە 20 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە و لە سلێمانیش 50٪ی خەڵک کەمتر لە 18 هەزار دینار و دهۆکیش کەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا باسی لەوەش کردووە کە ئەو رێژەیە بەهۆی دەستپێوەگرتنی خەڵک بە کارەباوە بووە و ئێستا هاووڵاتیان بۆ کاری ناپێویست کارەبا بەکار ناهێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.