رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەمریكا فڕۆكەی جۆری شەبەح (B-2) و مووشەكی كونكەری (GBU-57) و چەند جۆرێكی دیكەی چەكی پێشكەوتووی وڵاتەكەی بدات بە ئیسرائیل.
تەلەفزیۆنی 14ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەكی نوێی نێوان هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتییەكان كە ئێستا لە كۆنگرێسە، ئیسرائیل دەتوانێت لە داهاتوویەكی نزیكدا چەكی پێشكەوتووی لە ئەمریكا وەربگرێت.
یەكێك لەو چەكانە فڕۆكەی شەبەحی جۆری (B-2) و مووشەكی كونكەری (GBU-57)ـە كە تا ئێستا ئەمریكا نەیداوەتە هیچ وڵاتێكی بیانی.
لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە كە پێدانی ئەم چەكانە، بۆ ئەوەیە رێگە لە ئێران بگیرێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە ئیسرائیل نزیكترین هاوپەیمانی سەربازیی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە بەتەواوی ئامادە بێت بۆ پاراستنی خۆی لە هەر مەترسی و هێرشێكی ئێراندا.
هەر لە پڕۆژەیاساكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە دەبێت ئەمریكا رێگە بگرێت لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی لە هەر بارودۆخێكدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.