دەنگی سێ تەقینەوەی گەورە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک و گەڕەکێکی ئەو شارە بیسترا، دوو هاوەن بەر فڕۆکەخانە و هاوەنێکی دیکەش بەر ماڵێک کەوتووە.
شەوی دووشەممە 30 حوزەیران، دەنگی چەند تەقینەوە لە کەرکووک بیسترا، بەپێی بەدواداچوونەکانی هەڵۆ جەباری، پەیامنێری کوردستان تیڤی، سێ تەقینەوەی بەهێز لە کەرکووک روویداوە کە دووانیان لە فڕۆکەخانە و ئەوی دیکەشیان لە ناوەندی شارەکە بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی کەرکووک لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە کە دوو هاوەن بەر فڕۆکەخانەی مەدەنی و سەربازیی شارەکە کەوتوون و بەهۆیەوە کارمەندێکی ئەمنیی فڕۆکەخانەکە بریندار بووە.
مووشەکێکی دیکە بەر بەیتوونەی خانوویەک لە گەڕەکی عرووبە کەوتووە کە دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووک و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە بۆ دەرکەوتنی شوێنی هەڵدانی هاوەنەکان دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.