نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و لە دیدارێكدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەكانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرا و بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێم و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و بازرگانی بۆ كۆمپانیا فەڕەنسییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، دوا پێشهاتەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرانە بەرباس و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و ئاڵۆزییەكان كردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.