دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، كۆتایی هەفتەی رابردوو رووبەڕووی هێرشێكی ئەلیكترۆنیی نوێ و پێشكەوتوو و ئامانجدار بووەتەوە، جەختیشی كردەوە كە ئێستا هێرشەكە كۆنترۆڵ كراوە.
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد: رووداوێكی پەیوەست بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا ئاشكرا كردووە كە هێرشەکە نوێ و پێشكەوتوو و ئامانجدار بووە، بەڵام توانراوە كۆنترۆڵ بكرێت.
دادگەكە روونی كردەوە: ئەمە دووەم رووداوی لەمشێوەیەیە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دادگەكە دەكاتە ئامانج.
لە ساڵی 2023 دادگەی لاهای رایگەیاندبوو كە رووبەڕووی هێرشێكی ئەلیكترۆنی بووەتەوە و بۆ ماوەی چەندین هەفتە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر سیستەمەكانی هەبووە.
ئەم هێرشە لە كاتێكدایە كە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لەژێر چاودێرییەكی چڕدایە، بەتایبەتی دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ململانێكانی غەززەدا.
هەروەها پێشتریش دادگەكە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا بە گومانی گواستنەوەی منداڵان لە ئۆكڕایناوە دەرکردبوو.
نە ئیسرائیل و نە ڕووسیا ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی نین و هەردوولاش ئەو تۆمەتانە رەت دەكەنەوە و دەسەڵاتی دادگەری تاوانی نێودەوڵەتی قبووڵ ناكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.