ئەنجامی ئەو تۆژینەوانەی کە لە زانکۆی هارڤارد ئەنجامدراوە، دەركەوتووە کە خەوتن بۆ ماوەی زیاتر لە 8 یان 9 کاتژمێر لە رۆژێکدا بۆ چەندین ساڵ، دەبێتە هۆی کێشە لە یادگە و تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشیی شەکرە و تەنانەت خەمۆکیش.
توێژینەوەکە لە ماڵپەڕی ئۆکسفۆرد ئەکادیمیک (Oxford Academic) بڵاو کراوەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر ریتمی خەوی 2 هەزار هەرزەکار.
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 18 ساڵیدایە، نابێت لە پشووی کۆتاییی هەفتەدا ماوەی خەوی شەوانەیان زیاتر لە دوو کاتژمێر درێژ بکەنەوە بە بەراورد بە رۆژانی تر، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی و دڵەڕاوکێ.
لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکە پێی وایە کەمێک دواخستنی خەو لە پشووی کۆتاییی هەفتە یان لە کاتی پشووەکاندا لەوانەیە بەسوودبێت، چونکە نیوەی هەرزەکاران لە ماوەی ساڵی خوێندندا بەشی پێویست ناخەون.
هەروەها توێژینەوە ئەمریکییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشتروایە مرۆڤ لە کاتی ڕۆژدا لە جێگەی نووستندا نەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر نەخەوتبێت، پسپۆڕانی بواری سووڕی خەو کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم کارە ڕیتمی سروشتی تێک دەدات و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجیی لەش، چونکە ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە بەیانیاندا کەم دەکاتەوە کە ناسراوە بە "هۆرمۆنی بەئاگابوونەوە"، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی و تەنانەت تووشبوون بە خەوزڕان (بێخەوی).
هەربۆیە، پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە لە کاتی رۆژدا لە جێگادا نەمێنینەوە، چونکە وزەی هەرزەکار بەفیڕۆ دەدات، مەگەر نەخۆش بێت یان تووشی ماندوێتییەکی زۆر بووبێت.
هەمان شت بۆ کەسانی پێگەیشتووش ڕاستە، ئامۆژگاری ناکرێت کە لە رۆژێکدا زیاتر لە 8 یان 9 کاتژمێر بخەون، وەک ئاماژەی پێ درا كە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم خووە زیانبەخشە، بۆیە ماوەی نموونەیی بۆ خەو لەنێوان 7 بۆ 8 کاتژمێرە لە رۆژێکدا، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە کاتێکی دیاریکراو و رێک بۆ خەوتن و هەستان لە خەو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.