دۆناڵد ترەمپ ڕاپۆرتی میدیاکانی لەبارەی پێشنیازی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنانی 30 ملیار دۆلار لە کەرتی ئەتۆمیی ئێران ڕەت کردەوە و بە "میدیای ساختە" ناوی بردن.
رۆژی پێنجشەممە کەناڵەکانی سی ئێن ئێن و ئەی بی سی نیوز، لە دوو ڕاپۆرتێ جیاواز دا ئاماژەیان بەوە کردبوو؛ دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەک هاندانێک بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، 30 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی ئەتۆمیی ئێران پێشنیاز کردووە.
ڕۆژی شەممە 28ـی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس، وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوە و ڕایگەیاند: "کامە مرۆڤی ئاست نزم لە میدیا ساختەکاندا باسی لەوە کردووە کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت 30 ملیار دۆلار بداتە ئێران بۆ ئەوەی دامەزراوەی ئەتۆمیی مەدەنی دروست بکات؟ من هەرگیز بیرۆکەیەکی ئاوا گاڵتەجاڕانەم نەبیستووە، ئەوە درۆیەکی گەورەیە".
لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە واشنتن و تاران پێنج گەڕی دانوستانیان بۆ ڕێککەوتن لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامدا، مەرجی سەرەکیی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن، وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بوو و بۆ ئەمەش 60 ڕۆژی دەرفەت دا بە تاران تا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات، بەڵام ئێران ئامادە نەبوو دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت و مەرجەکەی قبوڵ نەکرد.
رۆژی 13ـی حوزەیران ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی مەترسیی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی نەڕەوێنینەوە، لە هێرشەکانمان ڕاناوەستین. سەرئەنجام لە ڕۆژی 22ـی حوزەیران، فڕۆکەکانی ئەمریکا ئاسمانی ئێرانیان بەزاند و سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆردومان کرد و دواتر سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "چیتر ئێران ناتوانێت لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا یۆرانیۆم بپیتێنێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.