ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری شڕۆڤەکارێکی سەربازییەوە ڕایگەیاند ئێران هێشتا نەیتوانیوە مووشەکێک بەرهەم بهێنێت کە ئامانجەکانی بە وردی بپێکێت.
"دێکێر ئیڤێڵت"، پسپۆڕی وێنەکانی مانگی دەستکرد لە ناوەندی توێژینەوەی "سی ئێن ئەی" لە ئەمریکا بە ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، لەو 30 مووشەکەی ئێران کە توانیویانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ببڕن، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان ئامانجە سەربازییەکانیان پێکاوە.
بە گوتەی ئەو شڕۆڤەکارە سەربازییە، مووشەکەکانی ئێڕان نەیانتوانیوە ئامانجە سەربازییە بچووکەکان، وەک حەشارگەی فڕۆکەکانی ئێف-35، بپێکن و هەر بۆیەش تەنیا ئامانجە پیشەسازییە گەورەکان وەک پاڵاوگەی حەیفا، زیاتر بە ئامانج گیراون.
ئیڤێڵت ئاماژەی بەوەش کردووە، بە گوێرەی لێکدانەوە جیاوازەکان، ئێران لە ماوەی جەنگەکەدا لە نێوان 500 تا 591 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. بەم پێیەش ئەگەر پێکانی شوێنە گشتییەکان لەبەرچاو بگرین، هێرشەکانی ئێران تەنیا 6٪ سەرکەوتوو بوون؛ بەڵام ئەگەر پێکانی شوێنە سەربازییە تایبەتەکان لەبەرچاو بگرین، ڕێژەی سەرکەوتنی ئێران بۆ 1٪ دادەبەزێت.
ئەو پسپۆڕە رەتیشی کردەوە کە ئیسرائیل بەرکەوتنی 250 مووشەکی ئێران بە خاکی ئەم وڵاتەی شاردبێتەوە و گوتی ئەمە "قسەیەکی گاڵتەجاڕانە"یە لەبەر ئەوەی دیمەنەکانی مانگی دەستکرد شتێکی وا پێشان نادەن و بەسەرنجدان بەوەی ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە، ئەگەر شتێکی وا ڕووی دابا، لە وێنەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.