پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی، پڕۆژەیاسایەکیان پەسند کرد کە بۆ ماوەی دوو ساڵ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی خێزانی ئەو پەنابەرانە رادەگرێت کە خاوەنی (پاراستنی لاوەکی)ـن.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیران، ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەڵمانیا وەک وڵاتێکی کراوە بە رووی جیهاندا دەمێنێتەوە، بەڵام توانای سیستمە کۆمەڵایەتی و فێرکارییەکانمان سنووردارە، هەروەها توانای بازاڕی خانووبەرەشمان سنووری هەیە".ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کۆچکردن بۆ ئەڵمانیاش سنووری هەبێت.
پڕۆژەیاساکە بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا، 444 پەرلەمانتار بە بەڵێ و 135 پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان دا، پێشتریش راستڕەوە توندڕەوەکان رایانگەیاندبوو کە دەنگی بۆ دەدەن.
یاساکە بۆ ماوەی لانیکەم دوو ساڵ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی خێزانەکان رادەگرێت، کە ئێستا مانگانە بۆ هەزار کەس سنووردار کراوە، ئەمەش تەنیا ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە پاراستنی لاوەکییان وەرگرتووە، واتە رێگەیان پێدراوە بمێننەوە، چونکە لە وڵاتانی خۆیان مەترسیی ئەشکەنجەدان یان لەسێدارەدانیان لەسەرە.تاوەکو 31ـی ئاداری 2025، نزیکەی 389 هەزار کەس سوودمەند بوون لەم جۆرە پاراستنە.
ئەڵمانیا لە قەیرانی گەورەی کۆچ لە ساڵانی 2015-2016 میوانداریی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری کرد، کە زۆربەیان سووری و ئەفغانی بوون، دواتریش پێشوازیی لە زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکراینی کرد کە دوای داگیرکاریی رووسیا لە کۆتایی شوباتی 2022 گەیشتنە ئەو وڵاتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.