Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 19:39

ئەمریکا پێشنیازی سەرمایەگوزارییەکی 30 ملیار دۆلاری دەداتە ئێران

کوردستان TV
100%

کەناڵی سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە حکوومەتی ئەمریکا بە مەبەستی هاندانی ئێران بۆ گفتوگۆ و واز هێنانی لە پیتاندنی یۆرانیۆم، کۆمەڵێک پێشنیازی نوێی خستووەتە ڕوو و لەوانەش 30 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری لە کەرتی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ناسەربازیی ئێراندا.

سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاندووە؛ لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئسیرائیلدا و لە پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، ئەکتەرە سەرەکییەکان لە ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پشت پەردەوە لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدا بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەمریکا دەیەوێت بە پێشنیازی سەرمایەگوزارییەکی سی ملیار دۆلاری لە کەرتی ئەتۆمیی ناسەربازیی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی وزە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕازی بکات واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکەی سی ئێن ئێن، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پێیان باشە ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ لە ئەمریکاوە نەچێت، بەڵکوو هاوبەشە عەرەبەکان لە ناوچەکە تێچووەکەی دابین بکەن. بەرپرسانی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا و لە خولەکانی پێشووی گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا، باسی وەبەرهێنان لە دامەزراوەکانی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیان کردووە.

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جەختیان کردووەتەوە جیا لە سەرمایەگوزاری بۆ دروستکردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە ئێران، لادانی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئەم وڵاتەش بەشێک لە هاندانەکانی ئەمریکا بۆ تارانن و هەموو ئەمانە هەوڵی چڕن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتووگۆ.

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە ئەم پێشنیازانە سەرەتایین و لە گۆڕاندان، بەڵام یەک مەرجی نەگۆڕ هەیە، ئەویش کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام جەختی کردووەتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئەم وڵاتەدا هێلێ سوورە و بە هیچ شێوەیەک وازی لێ ناهێنن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.