زنجیرە بەناوبانگە جیهانییەکەی نێتفلێکس سکوید گەیم (Squid Game) سبەی هەینی بە پەخشکردنی وەرزی سێیەم، کۆتایی بە گەشتە مێژووییەکەی دەهێنێت کە نزیکەی چوار ساڵ دوای دەرکەوتنی وەرزی یەکەمی لە 17ی ئەیلوولی 2021 دێت.
وەرزی سێیەمی (سکوید گەیم) بڕیارە سبەی هەینی 27ـی حوزەیران لە سەرانسەری جیهاندا نمایش بکرێت و لە شەش ئەڵقە پێکدێت، بەراورد بە وەرزی یەکەم کە نۆ ئەڵقە و وەرزی دووەم حەوت ئەڵقە بوو.
وەرزی کۆتایی درێژە بە چیرۆکی (سیۆنگ گی هون) بە رۆڵگێڕانی لی جونگ جای دەدات، کە دوای یاخیبوونێکی شکستخواردوو لە وەرزی دووەمدا، جارێکی تر دەچێتەوە ناو یارییە کوشندەکە. لەگەڵ گەیشتنی چیرۆکەکە بە کۆتایی چاوەڕوان دەکرێت بینەران ببینن کە گی هون ناسنامەی راستەقینەی پیاوی پێشەوە (Front Man) ئاشکرا دەکات، کە لی بیونگ هون رۆڵەکەی دەگێڕێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە 9ـی حوزەیران، هوانگ دۆنگ هیوک خاوەنی بیرۆكە و دەرهێنەری زنجیرەکە، هانی هەوادارانی دا کە سەرنجیان لەسەر ململانێی ئایدیۆلۆژی نێوان گی هون و پیاوی پێشەوە بێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چارەنووسی چەندین کارەکتەری دیکەش سەرنجی بینەران رابکێشێت.
بینەران بە پەرۆشن بۆ زانینی سێ یارییەکەی دیکە. ترەیلەری زنجیرەکە ئاماژەی بە یاریی خۆشاردنەوە و پەت بازێ کردووە، بەڵام یاریی سێیەم و کۆتایی هێشتا ئاشکرا نەکراوە.
(سکوید گەیم) بە زنجیرەیەکی مێژوویی لە مێژووی هونەری فلیم لە کۆریا دادەنرێت. وەرزی یەکەم ریکۆردی نێتفلیکسی شکاند بە 265.2 ملیۆن بینین و 2.205 ملیار کاتژمێر سەیرکردن لە ماوەی 28 رۆژی یەکەمی نمایشکردنیدا، کە کردی بە پڕبینەرترین زنجیرە لە هەردوو پۆلێنی ئینگلیزی و نائینگلیزیدا. وەرزی دووەمیش بە 192.6 ملیۆن بینین و 1.38 ملیار کاتژمێر سەیرکردن، پلەی دووەمی لەسەر ئاستی زنجیرە نائینگلیزییەکان و سێیەمی لەسەر ئاستی گشتی بەدەستهێنا.
زنجیرەکە ستایشی ڕەخنەگرانیشی بەدەستهێنا. وەرزی یەکەمی (سکوید گەیم) یەکەم زنجیرەی نائینگلیزی بوو کە بۆ خەڵاتەکانی ئێمی لە ساڵی 2022 پاڵێورا، 14 پاڵاوتنی بەدەستهێنا و شەش خەڵاتی بردەوە.
دەرهێنەر هوانگ بووە یەکەم ئاسیایی کە خەڵاتی دەرهێنانی ناوازەی بردەوە و لی جونگ جای بووە یەکەم ئەکتەری پیاوی ئاسیایی کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی لە زنجیرەیەکی درامیدا بەدەستهێنا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.