بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئێران توانای دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە راپۆرتی دژبەیەک هەن سەبارەت بە زیانەکانی هێرشە سەربازییە گەورەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا.
ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گوتی: ئێران شارەزایی تەکنیکی و توانایەكی بەرزی پیشەسازی هەیە و هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لەژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە هێرشەکاندا زیانیان پێنەگەیشتووە.
گرۆسی رەتی کردەوە لێدوان لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدات و گوتی: ئۆپەراسیۆنی سەربازی لۆژیکی تایبەت بە خۆی هەیە و من لێرە نیم بۆ ئەوەی هەڵیسەنگێنم کە ئایا باش بووە یان خراپ. ئێمە لەبەردەم دۆخێکی واقیعداین.
تاران داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە کە هێرشەکان سەرکۆنە بکات.
گرۆسی دەڵێت کە دەستپێکردنەوەی پشکنینە ئەتۆمییەکان لە ئێران "کاری لەپێشینەی یەکەمە".
دانی بەوەش دانا کە هەر لێکۆڵینەوەیەک لەو دامەزراوانەی کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، کارێکی سەخت دەبێت.
هەندێک لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئێران ماونەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن. گرۆسی گوتی "داروپەردوو و پاشماوە هەیە و رەنگە تەقەمەنیی نەتەقیوەش هەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە مەترسییەکی کەمی تیشکدانەوەش لە ئارادایە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.