پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی هەولێر – کۆیە گۆڕانکاری لە دیزاینەکەی کراوە و بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت؛ ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە 1275 ڕۆژە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی حوزەیران، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی هەولێر-کۆیە، کە بە "شادەماری ڕێگاکانی کوردستان" دادەنرێت، بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار و بە بەرزترین ستانداردی ئەندازیاری جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە، کە بەشێکە لە تۆڕی شادەماری ڕێگاوبانی کوردستان، پایتەختی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەی هاتوچۆی ئەم ناوچانەش بەرەو پارێزگای دهۆک ئاسانتر دەکات.
لە بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە بە درێژایی 37 کیلۆمەتر ئێستا کاری تێدا دەکرێت و کارکردنیش بەردەوامە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، پێشتر پڕۆژەکە بەشێوەی دوو سایدی هاتن و دوو سایدی ڕۆیشتن دیزاین کرابوو، بەڵام بە ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیزاینی پڕۆژەکە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و کراوەتە سێ سایدی ڕۆیشتن و سێ سایدی هاتن.
هەر بەپێی دیزاینە نوێیەکە، هەموو سووڕانەوە و یوتێرنەکانی سەر ڕێگەکە لادەبرێن و لە شوێنیاندا ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس دروست دەکرێن، ئەمەش وا دەکات شوفێران و هاووڵاتییان لەکاتی هاتوچۆکردن لەنێوان هەولێر و کۆیەدا تووشی هیچ گرفت و خاوبوونەوەیەکی هاتوچۆ نەبن.
ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە 1275 ڕۆژە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئاداری ساڵی 2028 بەتەواوەتی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.