حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی نوێ بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاو دەكاتەوە كە تا ئێستا لە وڵاتان گیریان خواردووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی راگەیەنراوێكدا رێنماییە نوێیەكان بڵاو دەكاتەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاونیشتمانیانەی کە پەیوەندیتان بە هێلە گەرمەکانەوە کردووە یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتان پڕکردووەتەوە و ئەوانەش لە هەر شوێنێکی تری جیهان گیرتانخواردووە، تکایە بفەرموون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
1. سەردانی نزیکترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا (کۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ بەڕێزتان ڤیزای ترانزێتی (3) ڕۆژتان پێ دەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
2. پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
3. هاونیشتمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:
* دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
* دڵنیاببەوە لەوەی کە (72) کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (72) کاتژمێرە.
* پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
* ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە.
بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.
تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هەمان هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خەلیل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازی بەڕێزتانەوە و ئاسانکاری تەواویان کردووە و لە چاوەڕوانیتاندان. ئەو هاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.