Erbil 31°C دووشەممە 29 حوزەیران 19:41

سێ بەرپرسی باڵا و دوو گەورە زانای ئەتۆمی ئێران لە هێرشەکەی ئیسرائیل کوژران

کوردستان TV
100%

میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، محەمەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و غوڵامعەلی رەشیدی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتم ئەنبیا لەگەڵ دوو زانای ئەتۆمی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و ماڵی چەند بەرپرسی باڵای ئێران لە تاران و چەند پارێزگایەکی دیکەی ئەو وڵاتە و میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت، لە هێرشەکەدا هەریەک لە محەمەد مەهدی تارانچی و فەرەیدوون عەباسی، دوو گەورە زانای ئەتۆمی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

ئیرنا، میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە هێرشەکەی ئیسرائیل، "محەمەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و غوڵامعەلی رەشیدی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتم ئەنبیا" کوژراون.

 

بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند؛ "ئەو هێرشانە بۆ جڵەوکردن و وەستاندنی ئێران بوو لە هێرشێکی پێشوەختە بۆ سەر خاکەکەمان و هاوکات رێگریکردن بوو لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم رانەگات"، ناتەنیاهۆ بەردەوامبوونی ئیسرائیلی لە هێرشەکان دووپاتکردەوە "تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی لەوە دڵنیا دەبنەوە کە ئێران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەماوە".

 

دوابەدوای هێرشەکان، بەیانی ئەمڕۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "رژێمی زایۆنی دەبێت چاوەڕوانی سزایەکی قورس بێت، دەستە بەتواناکانی هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئەو رژێمە بەر نادات".

 

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە میدیاکانی راگەیاند کە وڵاتەکەی پێشوەختە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئەمەریکا هیچ رۆڵێکی نەبووە لە هێرشەکەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.