Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:06

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ بڕیاردان لەسەر ئێران کۆدەبێتەوە

کوردستان TV
100%

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی چالاکیی ئەتۆمی ئێران کۆببێتەوە و چاوەروان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بڕیار لەبارەی "پێشێلکردنی یاسای نەهێشتن و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم"ـی ئێران دەربکات.

 

رۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبێتەوە و رافایل گەرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێکی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە کۆبوونەوەکە دەخاتە روو، میدیاکان بەشێک لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەیان ئاشکرا کردووە و تیایدا ئاماژە بە هاوکاری نەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکە دراوە.

 

دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بە بی بی سی راگەیاندووە؛ "ئەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەکە دەدرێت، پێچەوانەی بڕیارەکەی ساڵی 2005 دەبێت و چیتر ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانس بڕیارەکەیان بۆ پەسندکردن بەرز ناکەنەوە بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو تەنیا دوو یان سێ مانگ دەرفەت دەدرێتە تاران بۆ ئەوەی راستەوخۆ و بێ ئەملا و ئەولا هاوکاریی تەواوەتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات.

 

پێشنیازەکە لەلایەن ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەوروپا بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانس و بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارە؛ "ئەگەر ئێران لەو دەرفەتەی پێی دەدرێت، پابەندبوونی نەسەلمێنێت، ئەنجوومەنی دادوەران لە دانیشتنێکی نائاساییدا دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزدەکاتەوە".

 

وەکو ئاماژەشی پێدەدات، دوای کەمتر لە سێ هەفتە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرجەم گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر ئێران چالاک دەکرێنەوە.

 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی 22 لاپەڕەیی لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵێک پرسیار لای ئاژانس دروستبووە کە ئێران بۆ هیچ کامێکیان وەڵامی لۆژیکی پێ نەبووە و باس لەوە کراوە کە ئێران چوار ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردووەتەوە و بۆ هیچ کامیان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگادار نەکردووەتەوە.

 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ "لەو چوار ناوەندەی ئێران، لانیکەم لە سێ دانەیان پاشماوەی رادیۆئەکتیڤ دۆزراوەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی داوە و ئێستا دیار نییە کە ئەو مادەی رادیۆئەکتیڤ و کەرەستانە لەکوێ حەشاردراون".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.