بەگوێرەی تۆژینەوەیەكی نێودەوڵەتی، عێراق یەكێكە لەو شەش وڵاتەی جیهان كە لە ئاستی خۆبژێوی خۆراكە سەرەكییەكاندا شكستی هێناوە و تا ئێستا ناتوانێت لە دابینكردنی خۆراكە سەرەكییەكان پشت بەخۆی ببەستێت، بۆیە بەناچاری لە وڵاتانی جیهان هاوردەی دەكات.
دوو زانكۆی ئەڵمانی (گۆتینگن و ئیدینبرە) تۆژینەوەیەكیان لەسەر 186 وڵات ئەنجامداوە سەبارەت بە گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی خۆراكە سەرەكییەكانی ژیان كە پێكهاتوون لە (گۆشت، شیرەمەنی، ئارد، ماسی، پاقلەمەنی، چەرەزات، تۆوەكان، سەوزەوات و میوەكان).
دوو زانكۆكە لە تۆژینەوەكانیاندا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە شەش وڵات لە جیهاندا هەن لە هیچ كام لەم نۆ جۆرە خۆراكە سەرەكییانە نەگەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی، وڵاتەكانیش بریتین لە (عێراق، ئەفغانستان، ئیماڕات، ماكاو، قەتەڕ و یەمەن).
لە تۆژینەوەكەدا هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەم شەش وڵاتە تا ئێستا نەیانتوانیوە لە هیچ كام لە بەرهەمە سەرەكییەكانی خۆراك پشت بە خۆیان ببەستن، بەڵكو لە دەرەوە هاوردەی دەكەن و لەلایەن وڵاتانی دیكەوە بۆیان دابین دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.